بلەیک شاعیرێکە مرۆڤی وکو بەشێک لە سروشتی پاکی جیهان خۆش دەوێ. دیدی بلەیک بۆ مرۆڤایەتی دیدێکە لە چوارچێوەی ڕۆحانیەتێکی گشتیی ئینسانی نەک ئایدیالۆژییەکی ئاینگەرایانەی ئاسمانی. تەنانەت گەڕانەوەی ئەو بۆ ئوستوورەکانی ئینجیل و تەورات و بەکارهێنانیان لە جیهانی هێماینی شیعرەکانی، بە مەبەستی چەسپاندنی گەورەیی مرۆڤە لە جیهانی مادی نەک سەلماندنی ئەو ئوستوورانە وەکو ڕێسا و ڕێنمای ژیانی مرۆڤ. هەر لە بەر ئەو خۆشەویستییەی بلەیک بۆ مرۆڤە کە زۆربەی شیعرەکانی ئەو سریشتێکی لیریک و ئاشقانەیان هەیە.




