وانەیەک لە نالییەوە

وانەیەک لە نالییەوە

نالی چییە وا میسلی جوعەل غەرقی شیاکەی؟!
خۆ تۆ بە حیسابێ وەکوو پەروانە شەمت بوو.

بوێریی ڕەخنە لەخۆگرتن تەنیا شایستەی مرۆڤە زانا و خاکەڕاکانە. نالی کە دەگاتە لووتکەی داهێنان و هزرمەندی، خۆی بە جوعەل واتە قاڵۆنچەیەک دەشوبهێنێت کە نوقمی شیاکەیە، شیاکەی ژیانێکی دوور لە عیشق و دڵداری. نالی نەک هەر ڕەخنە لە ژیانێکی ئەوتۆ دەگرێت، بەڵکوو وەبیرمان دەهێنێتەوە کە پێویستە وەکوو سەردەمی گەنجیی ئەو بەردەوام سریشتی پەپوولەمان بێت و بە دەوری مۆمی خۆشەویستماندا بسووڕێینەوە.
کۆمەڵگەی کوردی هەنووکە تا سەر ئێسک لە دۆخی پیریی نالیدایە، بەڵام ئەوەندە بوێر نییە ڕەخنە لە خۆی بگرێت و وە بیر خۆی بێنێتەوە کە سەردەمانێک لەم وڵاتەدا سەدان مەم و زین و خەج و سیامەند و شیرین و فەرهاد هەبوونە.
ئەگەر هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی دەوروبەر لە سەر بنەمای ئەڤینی ئینسانی نەبێت، تەنیا نالێبوردەیی و نایەکسانیی لێ دەکەوێتەوە.