مامۆستا هەژار كەسایەتییەكی ئینسایكلۆپیدیایی بووە، ویستوویەتی بۆ هەموو بوارەكان پەل بهاوێ. هەڵبەت لەم نێوانەدا هەندێك جار بە زەرەری خۆشی وەكو نووسەر شكاوەتەوە. بۆ نموونە، ڕەخنە لە مامۆستا هەژار دەگیرێت كە وەرگێڕانی شەرەفنامە یان وەرگێڕانی خەیامی زۆر لەگەڵ دەقی سەرەكی یەك ناگرێتەوە، یان هەندێك جار خۆی زۆر شتی پێوە زیاد کردووە. لە ڕاستیدا، ئەو ڕەخنەیە تا ڕادەیەکی زۆریش ڕاستە. دەربارەی پرسیارەكەت، بەڵێ زۆر دەروەستی دەق نەبووە، بەڵام هەست دەكەم مامۆستا هەژار هەستی بە بەرپرسیاریەتی كردووە كە ئەو مەیدانە چۆڵە و دەبێ كاری جددی و ژێرخانەکیی تێدا بكرێ. مامۆستا هەژار دەیتوانی وەكو توێژەرێكی زانكۆ لەسەر چوارینە بە چوارینەی خەیام ورد بێتەوە، كە ئایا ئەوە چوارینەی خۆی بووە، یان نا، بەڵام ئەو زیاتر گەلی خۆی و زمانی میللەتی خۆی پێ گرنگ بووە، بۆ ئەوەی بتوانێ لە ڕێگەی وەرگێڕانی خەیامەوە مەبەستی خۆی بپێكێ و جەماوەرێكی زۆر لە خوێنەری كورد بە زمانی كوردی خەیام بخوێننەوە




