لەم مژارەدا مەبەست لە ئەندازیاری خەونی کوردی ئەوەیە نالی نەخشەیەکی داڕشتووە ھەم بۆ کۆمەڵی کوردی، ھەمیش بۆ مرۆڤی کورد بۆ ئەوەی کە چۆن بژی و چۆن بیر بکاتەوە. دیارە ئەو نەیویستووە ئەم بیرە بکات بە ئایدیۆلۆجی، من یەکێک لەو گەورەییانەی لە شیعری نالی-دا دەیبینم ئەوەیە نەیویستووە شیعری خۆی بکاتە شیعرێکی فێرکاری. بەڕاستی شیعری نالی شیعرێکە بە جیھان بینییەکی زۆر کراوەوە، و قسە و سەرنجی خۆی لە دوو توێی ھەموو جوانییەکانی وشە و پەیڤدا گوتووە، بۆیە شاعیرێکی وەکو نالی زۆر قابیلییەت و توانستی ئەوەی تێدا ھەیە بە دەیان جۆر بخوێنرێتەوە، و ھەر نەوەیەک دەتوانێت بێت قسەی خۆی لەسەر بکات.




