عەبدولخالق یەعقووبی
ئایا خوێندنەوە و شیکردنەوەی شیعری شاعیرێکی سەر بە ڕێبازی سوفیزم، لە چەشنی مەحوی، پەیوەندییەکی پێویست و زیندووی بە نیسبەت ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵی مۆدێرنی ئێستاوە هەیە؟ ئایا لێکۆلینەوە لە جیهانی هزر و تێڕامانی شاعیرێک کە لە نەریتی ئاینی و کولتووریی کۆمەڵێکی ڕۆژهەڵاتیی سەدەی نۆزدەیەمەوە ئاو دەخواتەوە دەستکەوتێکی مەعریفی-فەلسەفیی بەکەڵکی بۆ هەنووکەی ژیانی جیهانی سەدەی بیستویەکەم هەیە؟ باسکردن لە عیرفان و خودا و خەون و خولیای مەحوی چۆن لەگەڵ ژیانی سەردەمی شەڕی نێوان سیکولاریزم و دینی سیاسی دەگونجێت؟ ئایا باسکردن لە عیشق و پێوانە ڕۆحییەکان لە ڕوانگەی مەحوییەوە بۆی هەیە لە جیهانی ئاخنراو بە کاڵا و بەها ماتریالیستییەکان پاساو بدرێتەوە؟ لە دووتوێی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەکارانە-شیکارییانەی ئەم وتارەدا، هەوڵ دەدرێت بەدوای سەرەداوی وەڵامی ئەم پرسیارانەدا بگەڕێین.
دوو پێشسەرنجی تیۆریک
١. بە بڕوای ئانتونیۆ گرامشی، ڕەخنە ناشێت بە دوای سەلماندنێکی بەهەڵکەوت و ڕێکەوت و تاکەکەسی، یان بژاردەبێژییەکی ڕووت و رەها و بێپەیوەندیدا بگەڕێت، بەڵکوو پێویستە هەوڵ بدات ناوەڕۆک، ڕیتم و بزاڤی هزری دینامیکی دەق بدۆزێتەوە. لەم نوختەنیگایەوە، شیکردنەوەی شیعری مەحوی بە شێوەی پشتگیریکردنێکی ڕەها لە بیرۆکەکانی، ئایدیالیزەکردنی هزر و فەلسەفەکانی، نموونەهێنانەوەی ناپێویست و بێبنەمای، و بەپەخشانکردنی دێڕەکانی کارێکی ناڕەخنەیی و دوور لە بنەماکانی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەکارانەیە. لەم سۆنگەیەوە، هەوڵ دەدرێت لەم وتارەدا شیعری مەحوی لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو جیهانەی کە ئاخێزگەی سەرەکیی مەعریفەکەیەتی، واتە سوفیزم، شی بکرێتەوە، هەڵبەت ئەم پەیوەندییە بە هیچ کلۆجێک بە واتای ئەوە نییە شیعری مەحوی لە چوارچێوەی گوتاری سۆفیستیدا بەند بکرێت و دەرەتانی پشکنینی شیعری ئەو لە گوتاری دیکەدا نەڕەخسێت. کە واتە، شیعری مەحوی خاوەنی تەنیا یەک ژێدەری مەعریفی نییە، و لە چوارچێوەی تاکە یەک گوتاری مەعریفیشدا ناخوێندرێتەوە. بە واتایەکی تر، ئەگەرچی سوفیزم ژێدەر و گوتاری سەرەکیی شیعری مەحوییە، بەڵام لە هەمان کاتدا شیعری مەحوی فرەژێدەر و فرەگوتارە. ئەمە یەک لە هۆیە سەرەکییەکانی ئیستاتیکا (جوانیناسیی) و دینامیزمی شیعری مەحوییە.
٢. والتێر بنیامین کاتێک باس لە تاوتوێکردنی بەرهەمی ئەدەبی دەکات گرینگی بە ژیانی دەق ، کاریگەرێتییەکانی دەق، و چارەنووس و سەرکەوتنەکانی دەق دەدات و پێی وایە پرسەکە ئەوە نییە دەقە ئەدەبییەکان بە پێی چرکەساتی مێژوویی خوڵقاندنیان ڕاڤە بکات؛ بە پێچەوانە، ئەو شتەی دەشێت جێبەجێ بکرێت گرێدانەوەی سەردەمی ئێستایە، واتە ئەو چرکەساتەی کە تێیدا دەقەکان ڕاڤە دەکەین، بە کاتی خوڵقاندنی ئەو دەقانە. هەر بەم پێیە، خوێندنەوەی شیعری مەحوی-ش گەڕانەوەی عەقڵی خوێنەری ئیمڕۆ نییە بۆ سەردەمی مەحوی، ئەو شتەی کە زۆر توێژەر لە رێگای ڕوانین لە شیعری مەحوی لە کونی کامێرای عەقڵی ڕووتی دینییەوە دەیکەن، بەڵکوو بانگهێشتکردنی عەقڵی مەحوییە بۆ چرکەساتی هەنووکە و لێکبەستنی دەنگ و داوای ئەو بە خواست و خولیای مرۆڤی سەردەم. بە واتەیەکی تر، ڕاڤەیەکی ڕەخنەگرانە تەنیا بەدوای تێگەیشتن لە واتای دەقی بەردەستدا نییە، بەڵکوو هەوڵ دەدات لە ڕێگای ڕاڤەکاریی دەقەوە لە واتاکانی سەردەمی خۆیشی بکۆڵێتەوە و شەنوکەویان بکات. لەم ڕوانگەیەوە، گرینگیی شیعری مەحوی تەنیا لە ڕەهەندە مێژووییەکەیدا، وەک شاعیرێکی دیاری کلاسیکی کورد لە سەدەی نۆزەدەدا، قەتیس نامینێت، بەڵکوو ڕەهەندیکی پڕاگماتیستیشی هەیە کە بریتییە لەو بڕە مەعریفەیەی کە لە هزری جیهانی شیعری مەحوی-دا بۆ تێگەیشتن و ساغکردنەوەی جیهانی هەنووکەمان شیاوی دۆزینەوە و بەکارهێنانە.
مەحوی: میراتگری شێوازی هیندی لە شیعری کلاسیکی کوردیدا
مەحوی لە باری فۆرم و زمانەوە هەوڵ دەدات خوێنەری شیعری خۆی تووشی سەرسوڕمان بکات. لە سۆنگەی فۆرمی گرانی، شیعری مەحوی زۆر جار تا ئاستی مەتەڵ قورس دەبێت و هەڵێنانی ئەو مەتەڵە پێویست بە تێڕامان و لێوردبوونەوەی زۆر دەکات. لە هەمان کاتدا، بەشێک لە قورساییی شیعری مەحوی دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی پڕوردەکارییانەی ڕەگەزەکانی گوتاری سوفیزم، کە زۆر جار خوێنەر بە بێ گەڕانەوە بۆ واتای ئەو ڕەگەزانە لە چوارچێوەی گوتارێکی ئەوتۆدا ئەستەمە گرێپووچکەی مەتەڵی شیعری مەحوی بە سانایی بکاتەوە. حاڵەتی گەیاندنی شیعر تا ئاستی مەتەڵ لە سۆنگەی پێچوپەنا زمانی و پێکهاتە وێنەیی و خەیاڵە دوورەدەست و قووڵەکانییەوە تایبەتمەندیی سەرەکیی شێوازی “هیندی”ین لە شیعری کلاسیکی فارسیدا، کە مەحوی لەم بوارەدا بە میراتگری ئەم شێوازە لە شیعری کلاسیکی کوردیدا دێتە ئەژمار (یەکەم جار “عەبدوڵڵا گۆران”ی شاعیر ئاماژەی بەم خاڵە داوە). لەم شێوازە شیعرییەدا زمان خلیسک و خۆبەدەستەوەنەدەر و پڕپێچوپەنایە و هەر بۆیە گەلێک جار واتای شیعر لە نێو تەمی ڕاز و نهێنیدا دەمێنێتەوە؛ وەک چۆن “بیدل دهلوی” (١٦٤٤-١٧٢١) لەم شیعرەدا ڕاشکاوانە ئاماژە بەم خەسڵەتە سەبکی هیندی دەدات:
ای بسا معنی کە از نامحرمیهای زبان
با همە شوخی مقیم پردەهای راز ماند
[گەلێک واتا هەن کە لە بەر ئەوەی زمان بە خزم و مەحرەم نازانرێت/سەرباری ئەوەی جوان و چەلەنگن لە پەردەی ڕازدا دەمێننەوە]
دیارترین شاعیرانی ئەم شێوازە شیعرییە بریتین لە: “بیدل دهلوی”، “صائب تبریزی”، و”کلیم کاشانی”. دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم قوتابخانە شیعرییە کە بە لێشاو لە شیعری مەحویشدا دەبینرێت شایانی ئاماژەپێدانن: ١. موتیفە دیارەکانی ئەم شێوازە شیعرییە بریتین لە: “موج (شەپۆل)، گوهر (گەوهەر)، حباب (بڵق)، گرداب (گێژاو)، ساحل (کەناراو)، شبنم (ئاونگ)، و سراب (تراویلکە)”. سەرباری ئەوەی مەحوی، بە پێچەوانەی شاعیرانی شێوازی هیندی لە شیعری کلاسیکی فارسی، لە شوێنێکی جوگرافی ژیاوە کە دەریا و کەناراو بوونێکی فیزیکییان نییە، کەچی لە بەر ئەوەی لەباری شێوازییەوە سەر بەم ڕێبازەیە بە فراوانی ئەم موتیفانە لە شیعری خۆیدا بە کار دەهێنێت:
بە ئاوی تێگەیشتین ئێمە دنیا، هەر سەرابێ بوو
هەموو دەشچن بە خنکان و لە ویشکیشە مەلەی مەخلووق
***
حەیاتی تازە دێتە بەرم و ڕۆحم دەردەچێ، وەرنا
سەدایەکی نییە وەک مەوجی گەوهەر هاتن و چوونت
***
لە هەر جێیەک هەڵی خورشیدی عیشقی گوڵڕوخان مەحوی
ئەگەر عەقڵی هەبێ لەو جێیە ئاونگی عەقڵ چ بکا؟!
***
٢. وەک “شەفیعی کەدکەنی” باسی دەکات، لە شێوازی شیعری هیندیدا بنەمای جوانیناسانەی سەروا پتر لەوەی هەڵگری لایەنی مۆسیقایی بێت، وەکو ئامێرێک بۆ هێنانەوەبەرچاو (تداعی) بە کار دێت. شاعیری شێوازی هیندی بەو چاوە لە سەروا دەڕوانێت کە ماسیگرێک لە تۆڕەکەی یان ڕاوچییەک لە تاپڕەکەی دەڕوانێت: بە تۆڕەوەکردنی پتر لە ماسییەک و ڕاوکردنی پتر لە باڵندەیەک (شفیعی کدکنی، ل). بێ ئەوەی پێویست بە شیکردنەوە بکات، تەنیا ئەم نموونەیە لە شیعری مەحوی و شێوەی بەکارهێنانی سەروای تێدا، بە مەبەستی پتر لە ڕەهەندی مۆسیقاییی ڕووت، دەخرێتە بەر چاوی خوێنەری وردبین:
بوومە خاکی سەری ڕێی، پێیەکی تا پێمانا
وتی: سەد دەفعە بخۆ ئەی حەریکەی بێ مانا
.
.
.
تۆوی سەرخستووە بن خاکە، سەرئەفرازیی بەر
هەر لە ڕێگەی تەڵەبا بوو سەری دانا دانا
وتم: ئەو خاڵە چ بوو هەر کەڕەتێکت دەرخست
وتی: داغێ بوو بە جەرگ و دڵی “مەحوی”مانا
سوفیزمی مەولانایی: سەرەکیترین ژێدەری مەعریفیی گوتاری شیعری مەحوی
لە باری واتا و ناوەڕۆکەوە شیعری مەحوی کۆمەڵێک کۆد و بیرۆکە و گوتاری تایبەتی خۆی هەیە، و بۆ ناسین و شیکردنەوەی دنیای شیعریی مەحوی پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە مەعریفییەکانی شیعری سوفیستی و عیرفانی. یەک لەو ژێدەرە بەکەڵکانەی کە دەکرێت لە ڕێگایەوە شیعریی مەحویی وردتر پێ بخوێنینەوە جیهانی شیعریی شاعیری مەزنی ئەدەبیاتی کلاسیکی فارسی لە سەدەی ١٢ی زایینی جەلالەدین ڕۆمی-یە. بێ ئەوەی مەبەست دروستکردنی پەیوەندیی پەراوێز-ناوەند بێت و دوور لە دەستتێوەردانی داگەڕانی ناسیونالیستی بۆ تۆژینەوەیەکی ڕەخنەکارانەی ئاکادیمیک، بەراوردکردن و لێکڕانانی شیعری ئەو دوو شاعیرە لە دووتوێی پەیوەندییەکی نێواندەقی (intertextuality relationship) بۆ ڕوونکردنەوەی وردتر و پتری شیعری مەحوی یارمەتیدەرە. بەڵام هەڵبەت گومانی تێدا نییە کە ئەوە مەحویی کورد بووە ئاگای لە جیهانی مەولانای ڕۆمی بووە و شیعری خۆی نیزیک لە فەزا وفیکری ئەو هۆنیوەتەوە، بێ ئەوەی لاسایی کردبێتەوە یان دەقاودوق لە سەر ڕاستەهێڵی هزریی ئەو چووبێتە پێش. ئەم خاڵە لەو سەرەشەوە شیاوی باسکردنە کە مەحوی هەر لە بنەڕەتەوە لە رێگای بەکارهێنانی زمانی کوردی بۆ شیعرەکانی خۆی گوتار-جیهانێکی خۆبژیوی ئەدەبیی پێک هێناوە کە لە گوتار-جیهانی مەولەویی فارس جیاواز و بەدوورە. بە زمانێکی تر، باسکردن لە شیعری مەولانای ڕۆمی وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی سوفیزمی مەحوی بە واتای شیکردنەوەی شیعری مەحوییە شانبەشانی شیعری مەولانا، نەک لە ژێر سێبەر و هەژموونیی شیعری ئەو. مەولانا و مەحوی دوو شاعیرن لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە کە بریتییە لە سوفیزم، بەڵام مەحوی لەهەمان کاتدا لاچاوێکیشی لە کانیاوی سوفیزمی شیعری مەولانایە.
لە جیهانبینیی سوفیستی بە گشتی و سوفیزمی مەولانای ڕۆمی بە تایبەتی ژیانی سۆفی/عاریف لە دوو قۆناغ پێکدێت: قۆناغی فیراقی نێوان ئاشق و مەعشووق (دابڕان) و قۆناغی ویسالی ئاشق بە مەعشووق (پێکگەیشتن). کە واتە، پرسی سەرەکی لە گوتاری سوفیستیدا پرسی بڕینی قۆناغی فیراق و گەیشتن بە قۆناغی ویسالە لە لایەن ئاشقەوە. لەم سەفەرە سەخت و پشووبڕەدا سێ ئەسڵ لە ئارادایە کە پێویستە ئاشق ڕەچاویان بکات بۆ ئەوەی دابڕان کۆتایی پێ بێت و پێکگەیشتن مسۆگەر بێت: ئەسڵی سەیری ئەنفوس (گەڕان لە ناخی مرۆڤ)، ئەسڵی عیشق، و ئەسڵی وەحدەتی وجوود (یەکێتیی بوون).
ئەم سێ ئەسڵە تانوپۆی پێکهاتەی واتایی و دینامیزمی جوانیناسانەی شیعری مەحوی-ش پێکدێنن، و بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە ڕەهەندە دیار و نادیارەکانی شیعری ئەو پێویستە بە وردی تاوتوێی بکرێن و بە نموونەی شیعریی لە مەولانا و مەحوی پشتڕاست بکرێنەوە.
ئەسڵی یەکەم: سەیری ئەنفوس (گەڕان لە ناخی مرۆڤ)
لە پێناوی تێگەیشتن لە عیشق و گەیشتن بە مەعشووق، سوفیزم پێداگری لە سەر سەیری ئەنفوس (گەڕان لە ناخی مرۆڤ) دەکات تا سەیری ئافاق (گەڕان لە جیهانی دەرەوە). ئەم ئەسڵە دەکرێت بە قۆناغی “هەڵگەڕانەوە لە خود” یان “خۆناسی” پێناسە بکرێت. ئاشق بۆ ئەوەی یەکەم هەنگاوی سەفەر لە فیراقەوە بۆ ویسال دەستپێبکات یەکەم جار پێویستە حاشا لەەوە بکات کە “خود”ی ئەو سەنتەری جیهانی بوونە. لەم قۆناغەدا دەرگا بە سەر “خود”دا دادەخرێت و دەرگایەکی نوێ بەرەو ڕووی “ئەوی تر” یان “مەعشووق” دەکرێتەوە. هەر لەم سۆنگەیەوەیە دەبینین مەلانای ڕۆمی یان مەحوی، وەکو شاعیرانێکی عاریف ئاین، پتر خەریکی خۆدواندنن و زۆرکەم ئاگایان لە ئەحواڵ و ئافاقی جیهانە:
عارفان را شمع و شاهد نیست از بیرون خویش
خون انگوری نخوردە، بادەشان نیز خون خویش
(مولوی، دیوان شمس)
[شەمع و شاهیدی عاریفان لە دەرەوەی وجوودی خۆیان نییە / ئەوان خوێنی ترێ ناخۆنەوە، بەڵکوو بادەی شەرابیشیان خوێنی خۆیانە]
***
پڕ بە پێ زنجیری شێتی، داغی سەودا پڕ بە سەر
سەیری حاڵی خۆمە، سەیری زوڵف و خالم بۆ چییە؟!
***
لەم قۆناغەدا ئاشق-عاریف خۆی لە قاوغی “خودپەرستی” دادەماڵێت و پرۆسەی خۆناسی دەخەنە گەڕ. “خود” و داگەڕان بەرەو مەیل و مەرامەکانی “خود” کۆتێکە لە پێی مرۆڤەوە ئاڵاوە، و پێویستە مرۆڤی ئاشق خۆی لەو کۆتە ڕزگار بکات. هەر بۆیە، لە ڕوانگەی مەحوییەوە، ئاشق دەبێ خۆی لە زێدەخواستەکانی خۆی بەتاڵ بکات:
سەر کە جۆشێکی نەبێ، من زرکەتاڵم بۆ چییە؟!
دڵ کە هۆشێکی نەبێ، شیشەی بەتاڵم بۆ چییە؟!
***
سەیری ئەنفوس یەکەم وێستگەی گۆڕینی ئاراستەی “خود”ە لە هەواری فیراقی یارەوە بەرەو مەنزڵی ویسال. لەم وێستگەیەدا مەحویی ئاشق-عاریف پشت لە مەداری خۆنەناسین و ڕووەوە ماڵی خۆشەویستیی مەعشووق ڕێگای پڕزەرد و ماهی عیشق دەبڕێت:
لە بەنگ ئەم بەنگییانە چی دەبینن خۆ لە خۆگۆڕان
لە دنیادا مەداری عەیش و خۆشی خۆنەناسینە
***
ئەسڵی دووهەم: عیشق
لە ڕوانگەی عاریفانەوە، تێگەیشتن لە هەقیقەت و گەیشتن بە هەقیقەت بە بێ عیشق ئیمکانهەڵگر نییە؛ دینی عاریفان دینی عیشقە نەک عەقڵ. ئەوان بە زمانی ترپەی دڵ دەدوێن، نەک ڕاڤەی ئاوەز. بە باوەڕی شاعیرانی عیرفانپەروەر خۆشترین ئەزموونی ژیانی مرۆیی ئەزموونی شەیداییە، نەک ئەزموونی زانایی:
دڵ لە ئیدراکی هەقیقەت بێ بەشە بێ داغی عیشق
مەحویا دانا دەبێ بەم چاوە بینایی بکات
***
حافیزی شیرازی، شاعیری هەڵکەوتەی شیعری کلاسیکی فارسی، عیشق بە یادگاریی هەرمانی ئەم جیهانە کۆنە لە قەڵەم دەدات:
از صدای سخن عشق ندیدم خوشتر
یادگاری کە در این گنبد دوار بماند
[لە دەنگی پەیڤی ئەڤینم خۆشتر نەبیست / ئەو یادگارییەی کە لەم گومبەزە گەڕۆکەدا ماوەتەوە]
***
مەولانای ڕۆمیش لە پێناوی ئاوێتەبوون لە وجوودی دڵدار و توانەوە لە بوونی یار واز لە هزر و زانایی دەهێنێت وپشت لە ئاوەز و ئاگایی دەکات:
گرفتم گوش عقل و گفتم ای عقل
برون رو کز تو وارستم من امروز
بشوی ای عقل دست خویش از من
کە در مجنون بپیوستم من امروز
[گوێی ئاوەزم ڕاکێشا و گوتم، ئەی ئاوەز / بڕۆ دەرەوە لە ماڵم کە من خۆم ئیمڕۆ لە دەست تۆ ڕزگار کرد / ئەی ئاوەز، دەست لە من بشۆرەوە / چونکی من ئیمڕۆ تێکەڵ بە مەجنوون بوومە]
***
مەحوی پاش ئەوەی بوونی خۆی لە خودپەرستی و خودخوازی پاڵاوت، بۆ ئەوەی خۆی ئامادەی توانەوە لە وجوودی یاردا بکات، ڕوو دەکاتە ئاگری مەحەببەت و نیشتەجێی تەنانەت “دۆزەخی عیشق” دەبێت:
گەر ئاگری مەحەببەتی شک بەم لە دۆزەخا
ئەو دۆزەخە بەهەشتمە، جەننەت دەکەم حەرام
***
عیشق لە جیهانی شیعری مەحویدا تەنیا بریتی نییە لە زمانبازی و پەیڤی ئەڤینداری، بەڵکوو لە بنەڕەتدا گیانبازی و کردەی دڵدارییە:
بە خودا قەسەم لەگەڵ دڵی خاڵی لە سۆزی عیشق
تیکراری حەرفە بەس دەمی پڕ یا خودا خودا
***
خاڵێکی سەرنجڕاکێشی بەپێی ژمارە و ئامار لە شیعری مەحویدا ئەمەیە کە سەدا چلی (٤٠%) سەرلەبەری غەزەلەکانی باسی ڕاستەوخۆی عیشق دەکات و سەدا دە (١٠%) ناڕاستەوخۆ لە ئاشق و مەعشووق دەدوێت؛ واتە، سەدا پەنجای (٥٠%) سەرجەمی غەزەلەکانی مەحوی باسی عیشقە. ئەم باسە لە دیوانی مەحویدا ٥٤ جار لە قاڵبی دەستەواژەگەلی جۆراوجۆردا دووپات بووەتەوە، وەک بۆ نموونە: سیابەختانی عیشق، خەستەخانەی عیشق، داغی عیشق، ئیعجازی عیشق، دەردی عیشق، بارەگاهی عیشق، دەیری عیشق، بێستوونی عیشق، سایەی عیشق، خاکسارانی مەحەببەت، ئادابی مەحەببەت، کەعبەی مەحەببەت، وادیی مەحەببەت، ئەهلی مەحەببەت، مەیدانی مەحەببەت، شاری مەحەببەت، چۆڵیی مەحەببەت و هتد.
کە واتە، عیشق لە شیعری مەحویدا “خود”ی هەڵگەڕاوە لە خودپەرستی، لە دۆخی داخران ڕزگار دەکات. دەکرێت ئەسڵی عیشق، لە بڕینی قۆناغی فیراق بەرەو قۆناغی ویسال، وەک قۆناغی “کرانەوەی خود”ی ئاشق بەرەو ڕووی مەعشووق (ئەوی تر) پێناسە بکەین. هەر بۆیە، مەحوی تەنانەت بۆ ئەوەی هەقی ئاشقی بە جێ بهێنێت، ناچارە شوێنی بوونی ئاسایی خۆی (واتە شار) بگۆڕێت و ڕوو بکاتە ئەو شوێنە نائاساییەی (واتە بیابان) کە شیاوی شێتی عیشق و شێتیی عیشقە:
بە جێ نایێ، دەبێ ڕوو کەینە سارا
هەقی ئادابی مەجنوونی لە شارا
***
ئەسڵی سێهەم: وەحدەتی وجوود (Union of existence)
لە جیهانی عاریفاندا وەحدەتی وجوود (یەکێتیی بوون) لە خوازەی نووری هەتاودا بەرجەستە دەکرێت. تیشکی خۆر نوورێکی یەکپارچەیە، و ئەوە بەربەست و دیوارەکانن کە بە ڕواڵەت یەکێتی و یەکپارچەیی نوور فرەچەشن و فرەپارچە دەکەن.مەولانای ڕۆمی ئەم بیرۆکەیەی لەم شیعرەدا بە وردی وێنا کردووە:
همچو آن یک نور خورشید سما
صد بود نسبت بە صحن خانەها
لیک یک باشد همە انوارشان
چونکە برگیری تو دیوار از میان
(مثنوی معنوی)
[وەک ئەو تاکە تیشکەی خۆری ئاسمان / کە بە نیسبەت ڕوخساری ماڵەکان سەد دەنوێنێت / بەڵام هەموو تیشکەکانی دەبنە یەک / کاتێک دیواری ماڵەکان لەو نێوانە هەڵبگیرێن]
***
ئەسڵی وەحدەتی وجوود (یەکێتیی بوون) ناوەندی قورسایی هزری عاریفانەی شاعیرانێکی لە چەشنی مەولانای ڕۆمی و مەحوییە. بە باوەڕی ئەوان، تا وجوودی ئاشق ئاوێتەی وجوودی مەعشووق نەبێت و نەبنە یەک وجوود شتێک بە ناوی عیشق لە دایک نابێت. یەک لە چیرۆکەکانی مەسنەویی مەعنەوی، کە خوازەیەکە بۆ ئەسڵی وەحدەتی وجوود، باس لەوە دەکات جارێکیان ئاشق بۆ یەکەمین جار خوازیاری سەردانکردنی ماڵی مەعشووق دەبێت. دەگاتە بەر دەم ماڵی مەعشووق و لە درەگا دەدات. مەعشووق دەپرسێت: “کێیە لە بەر دەم دەرگا؟” ئاشق وەڵام دەداتەوە: “منم، تکایە دەرگا بکەوە”. مەعشووق لە جوابدا دەلێت: ” تۆ شایانی ئەوە نیت بێیتە نێو ماڵی منەوە”. ئاشق دەڕوات و پاش ساڵێک هەمیسان دەگەڕێتەوە. جارێکی تر لە دەرگای ماڵی مەعشووق دەدات. مەعشووق دەڵێت: “کێیە لە دەرگا دەدات؟” ئاشق دەڵێت: ” تۆ، ئەوە هەر تۆی لە دەرگا دەدەی”:
گفت بر در هم تویی ای دلستان
[گوتی لە بەر دەرگاش هەر تۆی، ئەی دڵئەستێن]
***
مەعشووق گوتی: “زۆر ڕاستە؛ لەم ماڵەدا دوو “من” جێیان نابێتەوە؛ کە واتە، تۆ کە ئێستا وازت لە “خود”ی خۆت هێناوە و لە “من”ی خۆت دابڕاوی، دەتوانی بێیتە ژوورەوە”. ئەم چیرۆکە هێمایەکە بۆ ئەوەی “من”ی عاریفی ئاشق دەشێت لە “من”ی مەعشووقدا بتوێتەوە و بە وەحدەتی وجوود بگات؛ تا ئەو کاتەی ئاشق باوەڕی بە من هەبێت و “منییەت” بکات بە بەردی بناغەی هزر و کردەی خۆی، مەعشووق حاشای لێ دەکات و باوەشی بە ڕوودا ناکاتەوە. مەحوی-ش لە شیعرێکیدا دەڵێت:
کە دڵ دەتوێتەوە بۆ تۆ، دەکەی ئەو ڕۆژە تۆ بڕوا
کە خۆ دەرخەی وەکو خۆر، دڵ وەکو شەونم لە خۆ بڕوا
***
لێکدانەوەی ئەم شیعرە بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەسڵی وەحدەتی وجوودی ئاشق و مەعشووق لە پرۆسەی عیشقدا گەلێک ئەستەمە. یەکێتیی وجوودی ئاشق و مەعشووق، لە ڕووانگەی مەحوییەوە، شتێک نییە بە پێی خواست و ویستی ئاشق بێت، چونکی ئاشق (شەونم) هەر کە گەرمایی وجوودی مەعشووقی (خۆر) وێکەوێت، ناچارە بتوێتەوە و لە گەڵ نووری خۆر ببێتە یەک. وجوودی ئاشق بەربەستی سەر ڕێگای گەیشتن بە وجوودی مەعشووقە، و هەر بۆیە ئەم بەربەستە تەنیا لە ڕێگای توانەوە لە مەعشووقدا هەڵدەگیرێت. حزووری مەعشووق غیابی “من”ی ئاشق بە دوای خۆیدا دەهێنێت، و بەم شێوەیە ئاشق بە غیابی ناچارەکیی “خود”ی خۆی بە وەحدەتی وجوود دەگات:
تۆ کە دەرکەوتی مەپرسە چی بە سەر دێ جان و دڵ
حاڵەتی شەونم تەماشا کە بە وەقتی ڕۆژهەڵات
***
لە ڕوانگەی عاریفانەوە، ئەسڵی وەحدەتی وجوود تەنانەت لە پەیوەندیی نێوان مەرگ و ژیانیشدا لە ئارادایە. ژیانی ڕاستەقینەی ئاشق ئە کاتە دەستپێدەکات کە ئاواتی مەرگی خۆی بخوازێت و بە دوایدا بگەڕێت. ئەم مەرگە مەرگێکی خۆخوازرا و و ئازایانەیە، نەک مەرگێکی داسەپێنراو و لە سەری داماوییەوە. مەرگێک کە لە داماڵینی ئارەزووی “خود” بۆ باڵادەستیی و بەرزەفڕیی ڕەهاوە دەستپێدەکات و بە تێکەڵبوون و هاوژینی لەگەڵ “ئەوی تر” یان مەعشووق دەبێت بە ژیان؛ وەکو مەولانای ڕۆمی دەڵێت:
مرگ جو باشی، ولی نز عجز و رنج
بلکە بینی در خراب خانە گنج
ای حیات عاشقان در مردگی
دل نیابی جز کە در دل بردگی
[عەبداڵی دۆزینەوەی مەرگ بە، بەڵام نەک لە بەر داماوی و ڕەنج و مەینەت / بەشکم لە وێرانەکاندا زێڕ بدۆزیتەوە / ئەوەتانێ ژیانی ئاشقان لە لە مردن دایە / دڵ نادۆزیتەوە تا دڵێک بۆ لای خۆت ڕانەکێشیت ونەیڕفێنێت]
***
دەرکەوتەی ئەسڵی وەحدەتی وجوود لە شیعری مەحویدا لە پارادۆکسی نێوان خوازەگەلی شەونم و خۆر یان سێبەر و خۆرشید دایە. لە هەر جێیەک مەعشووق (هەتاو یان نوور) حزووری هەبێت، ئاشق (شەونم یان سێبەر یان زوڵمەت) ناچارە بە غیابی خۆی، واتە، مەرگی خود، ئاوێتەی بێت و بە وەحدەتی وجوود بگەن:
بە پیر ئەو ڕۆژەوە مەحوی ئەوەندە
بە سەر چووبوو، وەکو شەونم لە سەر کەوت
***
وتی: من بێم و مەحوی وا بمێنێ، ناکرێ، نابێ
هەتاو و سێبەرین ئێمە، دەبێ یا من ببم یا ئەو
***
لە بەینی نوور و زوڵمەت ئاموشۆ سەر ناگرێ مەحوی
نیگارم بۆیە پێمی وت: لە من هاتن، لە تۆ رۆیین
***
عیشق لە ڕوانینی مەحویدا
عاریفان، یەک لەوان مەحوی، پێیان وایە لایەنی کارەساتباری ژیانی مرۆڤ لەم جیهانەدا بریتییە لە “فیراق”؛ فیراق بە واتای دابڕانی نێوان ئاشق و مەعشووق. لە گۆشەنیگای ئەوانەوە، ژیانی ناڕەسەن، واتە ژیانی تێکەڵ بە فیراق، دوو هەستی زۆر بەهێزی تێدایە: دڵەڕاوکێ و خەمباری. مرۆڤی تووشبوو بە دەردی فیراق وا هەست دەکات دڵۆپەئاوێکە و لە دەریا جیا بووەتەوە، و هەر بۆیە دواچارەنووسی تێداچوونە. لە لایەکی ترەوە، خەمباربوونی مرۆڤی تووشبوو بە فیراقی یار لە کۆتاییهەڵگربوونی ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت:
بە ئاوی تێگەیشتین ئێمە دنیا هەر سەرابێ بوو
هەموو دەشچن بە خنکان و لە ویشکیشە مەلەی مەخلووق
***
لە ڕوانگەی شاعیری عاریفی وەکو مەحوییەوە، ئەو دووهەستە سەرچاوەی سەرەکیی نائارامی و بێئۆقرەیی مرۆڤن:
گەر فیراق ئاگر هەموو ڕۆژێ لە جەرگی بەرنەدا
بۆ هەموو شەو تیرەدڵ، سینەی زوخاڵستانە ڕۆژ!؟
***
مەحوی هەڵبەت نەک هەر فیراقی عالەمی عیشق، بەڵکوو تەنانەت ویسالەکەشی بە مایەی نائاسوودەیی دەزانێت. بە ڕای ئەو، فیراق و ویسال لەو خاڵەدا یەکدەگرنەوە کە هەر دوو بە “قانوونی تەجەننون” (یاسای شێتی) کار دەکەن:
ئابڕووڕێژە ویسالی یار و خوێنڕێژە فیراق
عالەمی عیشق و مەحەببەت هەر بڕێژە هەر بڕێژ
***
لە ڕوانگەی مەحوی، هەرچی پەیوەندیی بە بابەتی دڵ و دڵدارییەوە هەبێت دەبنە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە ڕاستەهێڵی ئاسایی و ئاسان ژیان لا بدات و بە “شێوازی خاشاک” بژیت:
وتم: عیشق ئاگری گرتە وجوودم
وتی: هەر بابەتی سووتانە خاشاک
***
سێ قۆناغی پێشترباسکراوی جیهانبینیی عاریفان بە ئاشکرایی لە سەرلەبەری غەزەلەکانی مەحویشدا دەبینرێت. مەحوی پێمان دەڵێت، ئەگەر خوازیاری ئاشقێکی ڕاستەقینە بیت، دەشێت خۆت لە “خودپەرستی” و “منخوازی” ڕزگار بکەی و بە ئەسڵی خۆناسی (قۆناغی “هەڵگەڕانەوەی خود”) بگەیت:
چییە ئەم هەموو تەنتەنە و من منت
ئەمەندە چییە فەخر و بەخ کردنت
بە ڕۆچوونی ئاوێ دەکەی زیندەگی
بە دەرچوونی بایەک دەبێ مردنت
***
لە قۆناغی دووهەمدا (قۆناغی “کرانەوەی خود”)، مەحوی پێمان دەڵێت، باوەشی وجوودی ئاشق و “خود”ی هەڵگەڕاوەت بۆ مەعشووق بکەوە و ئادابی عیشق و مەحەببەت بە جێ بێنە، ئەگەرچی لەم ڕێیەدا تووشی تەنگەژەی زۆر و چەرمەسەریی بێبڕانەوەش بیت:
لە سەرخۆچوونە، شەیدابوونە، قوڕپێوانە، سووتانە
هەتا مردن مەحەببەت ئیشی زۆرە، ڕیزی لێدەگرم
***
دواجار بە ئەسڵی وەحدەتی وجوودمان (قۆناغی توانەوەی “خود”) دەگەیەنێت و ویسالی یار بە توانەوەی وجوودی ئاشق لە وجوودی مەعشووق دەزانێت:
لە کن پشکووتنی غونچەی دەمی، وەک گوڵ سەراسەر گوێم
گوڵی ڕوخساری دەرخا، نێرگس ئاسا، سەربەسەر چاوم
***
کە واتە، ئامانجی جیهانبینیی عاریفانە لە گوتاری شیعریی شاعیرێکی لە چەشنی مەحوی گۆڕینی سنوورەکانی “خود”ی مرۆڤە؛ گۆڕینی “خود”ێکی داخراو و باڵادەستی ڕەها لە ناخی مرۆڤدا بۆ “خود”ێکی کراوە و ئاشق و داجار تواوە لە وجوودی مەعشووقدا:
تا زوڵمەتی وجوودە تەریکی لە نووری عیشق
سێبەر نەما هەتاوە، کە مەحوی نەما خودا
***
هەڵبەت هەر فەلسەفە و دین و ئاینێک بە شێوەی تایبەت بە خۆی لە پرسی “خود”ی مرۆڤ دەڕوانێت و ئامانجی خۆی بۆ گۆڕینی سنوورەکانی دیاری دەکات. بۆ وێنە، لە ڕووانگەی فەلسەفەی وێدانتای هیندییەوە، دینداری ڕێگایەکە بۆ بەرفراوانکردنی سنوورەکانی “خود” تا ئەو شوێنەی کە هەموو کەون و کاینات دەگرێتە خۆی. ئامانجی ئاینی بودایی نەک بەرفرەکردنی کەوشەونی “خود”، بەڵکوو سڕینەوە و لەنێوبردنی یەکجارەکیی “خود”ە. هەر چی دینی ئیلاهییە پێی وایە یەکگرتنی “خود”ی ئینسانی لەگەڵ “ئەمری ئیلاهی” دوائامانجی ژیانی مرۆڤە.
لە ڕوانگەی شاعیر-عاریفانێکی وەکو مەولانا و مەحوییەوە، دەرەتانی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ (واتە، گۆڕینی “خود”ی هەڵگەڕاوە بۆ “خود”ی کراوە و گۆڕینی ئەویش بۆ “خود”ی تواوە) تەنیا لە ڕێگای عیشقەوە دەرەخسێت. مەولانا گوتەنی” ئەوە عیشقە “طبیب جملە علتهای ماست” [پزیشکی هەرچی نەخۆشینی ئێمەیە]. ئەم ڕێگایە (ڕێگای ئادابی مەحەببەت) هەڵبەت بریتی نییە لە زمانبازی و ئاخافتن ، بەڵکوو سەرلەبەر گیانبازی و قوربانیدانە:
سووتانی بە بێدەنگییە ئادابی مەحەببەت
وەک بولبول ئەم ئەفغانە بە پەروانە حەرامە
***
وێدەچێت مەحوی عیشق وەک وەڵامێک بۆ جوانی بزانێت. ئاشق پێویستە و تەنانەت ناچارە لە هەمبەر جوانییەکانی ئەم جیهانە هەستیار بێت:
دەم نادیار و نازی قسەی پڕ بە دەشت و شار
دنیایەک ئاوی زیندەگی و دەرخرێ لە هیچ
***
لە شیعری مەحویدا عیشقی زەمینی/مرۆیی عیشقێکە لە زاتی خۆیدا خاوەن بەهایەکی باڵایە، چونکی ئەمری ئیلاهی و پیرۆز تەنیا بۆی هەیە لە ڕۆچنەی وجوودی مەعشووقەوە شایانی دۆزینەوە و بینین بێت. عیشقی ئینسانی لای مەحوی کاکڵی مەعریفە و فەلسەفەی عاریفانەیەتی، مەعریفە و فەلسەفەیەک کە دواجار دەبنە هەوێنی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک گوتاری هیومانیستیی زۆر گرینگ بۆ ژیانی هەنووکەی کۆمەڵی مرۆیی، گوتارگەلی لە چەشنی گوتاری خودناسی، گوتاری ئەوی ترخوازی، گوتاری لێبوردەیی، و گوتاری ئاشقانەژیان. کورت و کورمانجی، عیشقی مەحوی دین نەبووە؛ دینی مەحوی عیشق بووە:
دەزانم بادیەی عیشقە خەتەرناک
کەچی هەر چووم، ئەگەر مام و ئەگەر چووم
=======================
سەرچاوەکان:
1. ایگلتون، تری. (١٣٩٧). والتر بنیامین یا بسوی نقدی انقلابی. ترجمەی مهدی امیر خانلو/ محسن ملکی. تهران: نشر مرکز.
2. بنیامین، والتر. (١٤٠١). نشانەای برای رهایی. ترجمەی بابک احمدی. تهران: نشر مرکز.
3. بنی هاشمی، بهمن. (١٤٠٣). مدخل سبک هندی. تهران: انتشارات فاطمی.
4. دهلوی، بیدل. (١٤٠٠). دیوان بیدل دهلوی. بە کوشش اکبر بهداروند. تهران: انتشارات نگاە.
5. بلخی، جلال الدین محمد. (١٣٩٨). مثنوی معنوی. بە تصحیح محمد علی موحد. تهران: انتشارات هرمس.
6. بلخی، جلال الدین محمد. (١٤٠٢). گزیدە غزلیات مولوی. بە ویرایش دکتر سیروس شمیسا. تهران: انتشارات قطرە.
7. خرمشاهی، بهاالدین. (١٤٠٢). حافظ نامە. تهران: انتشارات علمی و فرهنگی.
8. شفیعی کدکنی، محمد رضا. (١٤٠٠). شاعر آینەها، بررسی سبک هندی و شعر بیدل. تهران: انتشارات آگاە.
9. مەلا عوسمانی بالخی، مەلا محەمەدی مەحوی. (١٣٨١). دیوانی مەحوی. لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە: مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس و محەمەممەدی مەلا کەریم. سنە: ناوەنی بڵاوکردنەوەی کوردستان.
10. مەلا، ئەحمەدی. (٢٠٠٢). مەحوی لە نێوان زاهیرییەت و باتینییەت دا، وێنەی مەعشووق و سەرچاوەکانی عەشق. هەولێر: دەزگای ئاراس.
11. Howard Eiland. (2014). Walter Benjamin: A Critical Life. Harvard: University Press.
تکایە سەرنج و تێبینیی خۆتان لەم بەشەدا دابنێن. سپاس.