وێژان: کتێبێک بۆ دانوستانی مەعریفی و ڕوانگەگەریی هزری

عەبدولخالق یەعقووبی

ڕێگە بدەن با من لە ڕوانگەی ئامانج و ئەوەی کتێبەکە لە ڕوانگەیەکی دوورمەودا چ ئامانجێک دەپێکێت باسی کتێبەکەی “ئارام حاجی”، کتێبی “وێژان”، بکەم. جارێ با ئەوە بڵێین ئەم کتێبە خۆی بەرهەمی گۆڕانێکی گرنگە لە کولتووری ئەدەبی باشووری کوردستاندا؛ ئەویش ئەوەیە وتووێژەکانی ئەم کتێبە زیاتر بە ئاراستەی شیکردنەوەی دەق و چەمک و بیر و هزرن، تا بە ئاراستەی گێڕانەوەی بەسەرهات و بیرەوەری و ڕکەبەرایەتیی نێوان نووسەران و داهێنەران. ئەو بەسەرهات-تەوەرییە یەکێکە لەو شتانەی لە زۆربەی وتووێژەکانی ئەم چەندین ساڵەی باشووردا بینیومە بەشێوەی نەریتی، بەڵام کتێبی “وێژان” بەپێچەوانەی ئەم نەریتە جووڵاوەتەوە و هزر-تەوەریی کردووە بە سەنتەری سەرنجی خۆی؛ کە نیشانەیەکە بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین جۆریک لە وەرسووڕانی هزری لە نووسەران و داهێنەرانمان هاتووەتە ئاراوە کە زیاتر دەگەڕێنەوە بۆ سەر ناواخنی دەقەکان و شیکردنەوەی بابەتەکان، کە ئەوە زۆر گرنگە، چونکە ئێمە لەو بوارەدا بۆشایی بەرچاومان هەبووە.

ئەم کتێبە دوو ئامانجی سەرەکی و گشتی دەپێکێت؛ یەکێکیان دروستکردنی ڕێڕەوێکە بۆ دیالۆگ لەنێوان نووسەران و لێکۆڵەرەوان و وەرگێڕان و شاعیران؛ یەکێکیشیان ئەوەیە جۆرێک لە ڕوانگەگەریی هێناوەتە ئاراوە، واتە شەبەنگێک لە ڕوانگە دێنیت لەبەرانبەر یەکیان دادەنێیت و خوێنەر وا لێ دەکات لە چەندان گۆشەنیگاوە لە بابەتێک بڕوانێت. لێرەدا ئەو جۆرە لە ڕوانگەگەرییە حەقیقەت ناکاتە موڵکی تاکەکەسێک؛ کەس ماف بە خۆی نادات خۆی بە پاوانخوازی حەقیقەتێکی ئەدەبی بزانێت، یا ڕێبازی خۆی بە ڕێبازێکی سەرکەوتوو بزانێت و ڕێبازەکانی دیکە بە ڕێبازێکی بەسەرسەردا کەوتوودا.

لەڕاستیدا، ئەوەی بەلای منەوە لە بابەتی دیالۆگ گرنگە ئەمەیە ئێمە وەکوو مرۆڤ کاتێک کە پەیوەندیی دروست دەکەین، ئەو پەیوەندییە دەبێتە کەناڵێک بۆ گەشەکردنی کەسایەتی و هزر و ئەندێشەی ئێمە. دیالۆگ هەمیشە لەگەڵ پەیوەندییە؛ نموونە ساکارەکەی، ئەگەر ئارام حاجی خۆی ئەگەر ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ نووسەران نەبووایە، ئەو کتیبە بەرهەم نەدەهات. کەواتە، مرۆڤ کاتێک پەیوەندیی دروست دەکات، ئەو پەیوەندییە، چی پەیوەندیی تاکەکەسی بێت لە ژیانی واقیع، چ پەیوەندییەکی هزری فیکریی بێت، هەم خۆی دەدۆزیتەوە، هەم کەسانی دیکە. کەواتە، کتێبێک کە بەشێوەی هزر و دیالۆگ دامەزرابێت لە شێوەی ئەم کتیبەی ئارام، کتێبی “وێژان”، لەڕاستیدا دەرفەتێک دەدات  بە نووسەران تەعبیر لە هزری خۆیان بکەن و خۆیان بدۆزنەوە و،  لەهەمان کاتیشدا نووسەرانی دیکەش کەشفیان بکەن و بیانبینن و تێیان بگەن.

بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە کە پەیوەندیی لەبنەڕەتدا خەسڵەتێکی زمانیی هەیە، تۆ کاتێک لەگەڵ کەسێک دەتەوێت پەیوەندییەکی دۆستایەتی زۆر سادەش دروست بکەیت، ئەو پەیوەندییە ئەگەر خەسڵەتێکی زمانیی نەبێت، ئەگەر تۆ لەڕێگەی زمانەوە سەرنجی ئەو بۆ لای خۆت ڕانەکێشیت، ئەو پەیوەندییە لەڕاستیدا دەبێتە پەیوەندییەکی نیوەچڵ و جاری وا هەیە ناسەرکەوتوو؛ بۆیە زمان کاتێک کە دێتە گۆڕێ، بۆ نموونە، لە چوارچێوەی گوتارێکی ئەدەبی یان لە چوارچێوەی گوتاری وتووێژێکی ئەدەبیی لە جۆری ئەو وتووێژانەی ئارام حاجی کردوونی، ئەوکات دیالۆگ دروست دەبێت، ئەوکات هزرەکان بەسەر پردێکدا دەڕۆن و لە شوێنێکدا دەگەن بە یەکتری. لێرەدایە ئەدەبییات دەبێتە بابەتێکی سەرووتر لە بابەتی جوانیناسی و پرسی هزر و مژاری ئەندێشە، بەڵکوو دەبێتە جۆرێک لە دروستکردنی کولتوورێک بە ناوی کولتووری دیموکراسی، کولتوورێک لەوێدا باوەڕت بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، بە دانوستانی هزری، بە مشتومڕی پێگەی مەعریفی هەیە. لەوێدا تۆ بە هیچ شێوەیەک ناتوانیت بابەتی پاوانخوازیی بهێنیتە گۆڕێ، لەبەرئەوەیە کە ئەم کتێبەی ئارام حاجی جۆرێکە لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکی ئەدەبی لەنێوان نووسەرانی پارچەکانی کوردستان و ژانرە جیاوازەکانیش. ئارام حاجی توانیویەتی لەڕاستیدا ئەو پەیوەندییە زمانییە لەڕێگەی ئەو کۆمەڵە گفتوگۆیەوە بێنێتەئاراوە؛ بە هیچ شێوەیەک گرنگ نییە ئێمە لەگەڵ ڕای ئەو نووسەرانە ببین یان نەبین، گرنگ ئەوەیە شەبەنگێک لە بیر و ڕای جیاواز دروست بووە وە وای کردووە ئێمە هەم تام لە مەعریفەی کتێبەکە بکەین، هەمیش چێژ لە خودی ستراتیجی کتێبەکە وەربگرین، کە بریتی بێت لە دانوستانی هزریی نێوان کۆمەڵێک نووسەر و ئەکادیمیست و ڕۆشنبیری کوردستان.

لەسەر ئەو بابەتە کە پەیوەندی خاوەن خەسڵەتێکی زمانییە ، “مەولەوی ڕۆمی” (١٢٠٧-١٢٧٣)، شاعیری ناسراوی ئێرانی، شیعرێکی هەیە؛ شیعرەکە زۆر سادەیە، بەڵام هەشت سەد ساڵ پێش ئێستا ئاماژەی بەو خەسڵەتە مۆدێڕنەی زمان کردووە، کاتێک دەڵێت:

ای زبان هم گنــــج بی‌پایان تویی
ای زبان هم رنـــج بی‌درمان تویی
هم صفیر و خدعه‌ مرغان تویی
هم انیـــس وحشت هجران تویی

واتاکەی ئەمەیە کە ئەی زمان! تۆ هەم زێڕی، زێڕێکی کۆتایی هەڵنەگر و لەقیمەت نەهاتوو، هەمیش ئەوەی جاری وا هەیە دەردێکی بێدەرمانی؛ هەم هەوێنی سام و دڵەڕاوکەی دابڕانی، هەمیش دەنگ و ئاوازی دڵنشینی باڵندەکانی. هەر ئەو زمانەی کە زۆرجار دەتوانێت ببێت بە سەرچاوەی دروستکردنی پەیوەندی ئەگەر بێت و بە شێوەیەکی ناڕاست بەکار بێت، خۆی پێچەوانە دەجوڵێتەوە و دەبێت بە وێرانکەری پەیوەندی. لەو سۆنگەیەوە پڕۆژەکەی ئارام حاجی لەڕاستیدا پڕۆژەیەکە دواجار ئاراستە سەرەکییەکەی دروستکردنی جۆرێک لە زمانی پەویەدنیی بۆ ڕۆنانی کولتووری مۆدێڕنە، کلوتووری دانوستانی هزری و مشتومڕی مەعریفی. بڕوانن “حافزی شیرازی” (١٣٢٥-١٣٩٠) دەڵێت:

گفتوگو آئین درویشی نبود

ورنە با تو ماجراها داشتیم

 

حافیز دەبێژێت، لە نەریتی دەروێشایەتیدا گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی ئەندێشە هیچ شوێنێکی نابێتەوە، دیالۆگ و دانوستان هیچ پێگەیەکی نییە؛ دەروێش دەبێت چاوی لە سەرووی خۆیەوە بێت و تەنیا بەڵێ بەڵێی بۆ بڵێت، بەڵام لە فەرهەنگی مۆدێڕندا، ئەو ئائینی دەروێشییە، ئەو نەریتی مورید و مورادییە پێگەیەکی نامێنێت، چونکە حەقیقەت نابێتە پاوانی هیچ هزرێک، هیچ دیانەتێک، هیچ ڕێبازێک. لێرەدا و لە سەردەمی مۆدێڕن و ژیانی هەنووکەماندا، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە  تۆ بتوانیت دانوستان هزری بکەیت بە ستراتیجی لە ئاستی کولتووریی، کە دواجار تەنانەت بەروبوومی سیاسیشی لێ دەکەوێتەوە؛ یانی کولتوورێکی سیاسیی جیهان نییە لەمڕۆدا، کە با بڵێین سەدا هەشتا یان نەوەدی دیموکراسی جێبەجێ بکات ئەگەر پێشتر لە ئاستی فەرهەنگ و کولتووردا خۆی بەدیموکراسی نەکردبێت. کولتووری مۆدێڕن پێکهاتەی سیاسەت و تەنانەت پێکهاتەی حوکمڕانیی سیاسیش مۆدێڕن دەکات.

کاتێک ئێمە باسی دروستکردنی فەرهەنگ یان کولتووری مۆدێڕن دەکەین، ئەو فەرهەنگی مۆدێڕنە سێ تایبەتمەندیی دەبێت، کە ئەو سێ تایبەتمەندییە، من پێم وایە، بۆ کۆمەڵی ئێستای کوردی زۆر پێویستە. یەکیان ئەوەی ئێمە باوەڕمان بە بەرانبەری بێت، دروستکردنی بەرانبەری و یەکسانی، دروستکردنی تاکەکەس گەرایی، دروستکردنی ژێرخانێک بۆ عەقڵانییەت، بۆ هزرمەندی، بۆ ئەوەی کە هزر ببێتە پێوەری هەڵسەنگاندن و نرخاندن ، نەک ئەوەی کە کێ لە پێگەی هێزدایە ئەو خاوەن دەسەڵاتی نرخاندن بێت، چونکی هێز کاتێک دەبێتە هێزێکی سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەر و لە سەرچاوەی زۆردارییەوە پاراو دەبێت، فەرهەنگی سیاسیی مۆدێڕن دەتوێنێتەوە و بەرەو تۆتالیتاریزم و پاوانخوازیی دەبات، بەرەو دیکتاتۆریەتی پەلکێش دەکات. بەڵام پێگەی هێز کاتێک کە لە مەعریفەیەکی مرۆڤدۆستانەوە سەرچاوە بگرێت، لە ئەندێشەی ئازادیخوازانەوە هەڵبهێنجرێت، ئەوکاتە چی دروست دەبێت؟ ئەو کات پلۆرالیزم دێتە ئاراوە، فرەڕەنگی و فرەدەنگی لە ئەندێشە و لە هزر و لە بیر بەرهەم دێت. هەموو ئەوانە لەواقیعدا، ناڕاستەوخۆ جۆرێکن لەو ئامانجانەی کە کتێبی “وێژان” دەیپێکێت. عەقڵانییەتی مرۆڤ-تەوەری ئەمڕۆ لە جیهاندا دەوردەگێڕێت؛ لە هەر شوێنێکی دونیای مۆدێڕن کە عەقڵانییەت لەپێناوی خزمەتکردن بە مرۆڤ بۆشایی تێدەکەوێت و عەقڵانییەتی ئامراز-تەوەر جێی دەگرێتەوە، جەنگ و وێرانی دروست دەبێت. ئاوەزمەندیی ئینسانگەرا و و مەعریفەی  دانوستان-تەوەر، لەو جۆرەی لەم کتێبەی ئارام حاجی-دا دەیبینین، پێویستییەکی سەرەکی و خێرای کولتووری ئەمڕۆی ئێمەی کوردە.

لە عەقڵانییەتی مۆدێڕندا، شتێک بە ناوی پیرۆز بەهای مەعریفیی نییە؛ پیرۆزایەتی لە عەقڵانییەتی مۆدێڕن پێگەی نییە ، لەبەرئەوەی کە لە هەر شوێنێک مرۆڤ بە ناوی خۆی وەکوو کائینێک کە لەسەر زەوی دەژیت، شتێک بکات بە پیرۆز، دەتوانێت بە هەزار شێووە کەڵکی خراپی لێ وەربگرێت و، بە ناوی ئەو پیرۆزە و بەپاڵپشتیی پیرۆزخوازان دەسەڵاتێک دروست بکات کە پاوانخواز و داپڵۆسێنەر بێت. بەڵام تۆ کاتێک هاتیت و دانت بەوەدا نا کە تۆ مرۆڤی، تۆ شایەنی ئەوەی هەڵە بکەیت و هاوکات شایەنی ئەوەشی هەڵەکان ڕاست بکەیتەوە، ئەوە شتێک بە ناوی پیرۆز نامێنێت. لە “وێژان”دا، پێگەیەکی پیرۆز بە لێکۆڵەر و نووسەر و داهێنەری بواری ئەدەبیات نادرێت؛ “پیرۆزی” چەمکێک نییە لەنێو گوتاری ئەدەبیی “وێژان”دا جێی ببێتەوە. هیچ هزرێک پیرۆز نییە لە زاتی خۆیدا، ئەو هزرە شایستەی ڕێزلێنانە، لەجیاتی پیرۆز وشەی ڕێزلێنان بەکاربێنین، کە یارمەتیدەری گەشەکردنی کولتووری مرۆیی بێت و فەرهەنگی دیموکراسی و ئازادیخوازی بەرەو پێشەوە ببات، جۆرێک لە گیانی لێبووردەیی و ڕۆحی پێکەوەژیان دروست بکات. ئەوە ئەو فەرهەنگەیە ئێمەی کورد بەڕاستی زۆرمان پێویست پێیەتی. من پێم وایە ئەم کتێبەی ئارام حاجی لە ئامانجە دوورمەوداکەیدا، لە ستراتیجییەکەی خۆیدا بەڕاستی دەیەوێت ئەم مەبەستە بپێکێت، واتە دروستکردنی جۆرێک لە دیالۆگی مەعریفی و ڕوانگەگەریی هزری. ڕوانگەگەری و فرەیی لە ڕوانگەکاندا بەشێکە لە حەقیقەتی هەر کۆمەڵگایەک کە بیەوێت زیندوو بێت و گەشە بکات. دەسەڵات چ لە ئاستە سیاسییەکەیدا و چ لە ئاستە مەعریفییەکەیدا، شیاوی دەستاودەست پێکردنە، چونکی بزووتن بنەمای پشکووتنە؛ هەر هزرێکی مەعریفی یان هێزێکی سیاسی کە لە شوێنی خۆی بچەقێت و و نەبزوێت و نەگەشێتەوە، ناچارە پێملی یاسای مانەوە و بۆنگرتن بێت.

لە کۆتاییدا، دەستخۆشی لە ئارام حاجی دەکەم کە کارێکی زۆر گرنگی کردووە. ئارام خۆی گەنجێکە لەدوای ڕاپەڕینەوە لەدایک بووە و، هەوڵی داوە لەڕێگەی “وێژان”ەوە ئەدەبییاتی پاش دووهەزار بپشکنێت. پرسیارەکانی پرسیار و کەڵکەڵەی خۆی بوونە لەم کۆمەڵەوتوێژەدا، پرسیاری مشتومڕهەڵگر و بابەت ورووژێنیشی هێناوەتە گۆڕێ. “وێژان” لەم تێنۆڕینەوە هاتووەتە ئاراوە کە هیچ ڕوانگەیەکی مەعریفی لە پێگەیەکی پیرۆزدا نییە؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیە کۆی ئەو ڕوانگانەی لەم کتێبەدا لەسەر دەستی کۆمەڵێک خاوەن قەڵەمی کوردستانی گەورە باسیان لێ کراوە دواجار خزمەتی دۆخی مرۆیی و دۆخی کۆمەڵی کوردیی و  دۆخی جیهان بەگشتی دەکەن. بێ گومان لەنێو گۆڕەپانی ئەدەب و وێژەی کوردیدا پێویستمان بە دەیان “وێژان”ی دیکەیە بۆئەوەی کولتووری دانوستانی مەعریفی و ڕوانگەگەریی هزری لە کۆمەڵی کوردیدا ڕەگ دابکوتێت و گەشە بکات و ببێتە هەوێنی هێنانەئارای کولتوورێکی دەوڵەمەند بە لێبوردەیی و پێکەوەژیان، دوو کۆڵەکەی گرنگیی پێکهاتەی هەر کۆمەڵێکی زیت و زیندوو.

 

ئاماژە: ئەم بابەتە، بە هەندێک دەستکاریی بچووکەوە، دەقی لێدوانێکمە لە ڕێوڕەسمی ناساندنی كتێبی “وێژان”ی ئارام حاجی، کە ڕێکەوتی چوارشەممە 20/12/2023، بە شێوەیەکی شایستە لە سەنتەری ئاڵای شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

(عەبدولخالق یەعقووبی)