شێرزاد حەسەن: قەڵەمێک لە ڕەگەزی ڕەشەبا

شێرزاد حەسەن؛ قەڵەمێک لە ڕەگەزی ڕەشەبا

بۆ یەكەمجار جیهانی شێرزاد حەسەنم لەڕێگەی “حەسار و سەگەكانی باوكم” و “گەڕەكی داهۆڵەكان”ـەوە ناسی. “حەسار” زاتی ئەو بنەماڵە و كۆمەڵگایەی تێیدا دەژیم بۆ من ڕوون کردەوە. بنەماڵە و كۆمەڵگایەكی تا سەر ئێسك باوكسالار و بێبەزەیی. شێرزاد لە “حەسار”دا دوو شت بە خوێنەری خۆی دەڵێت: یەكەم، پێكهاتەی كۆمەڵگای كوردی پێكهاتەیەكی پیاوانە و زاڵمانەیە. دووەم، دژبەرانی ئەو پێكهاتەیە (كوڕانی باوكی ڕۆمانەكە) دواجار دەستەمۆی باوك دەبن و سەرلەنوێ بازنەی باوكسالاری دەبووژێننەوە.

شێرزاد لە وێناكردنی ئەم دوو خاڵەدا هەوڵ دەدات دەستەوداوێنی ڕەهابێژیی ناداستانی نەبێت و كەسەكان لە جیهانی واقیعی كوردی لە بێژینگی كەسایەتیی داستانی بدات. زمانی گێڕانەوەی پوخت و كاریگەر و چیرۆكاوییە. “حەسار” خاڵێكی وەرسووڕانی دیارە لە مێژووی چیرۆكنووسیی كوردیدا كە پاش خاڵی وەرسووڕانی یەكەم، واتە “پێكەنینی گەدا”ی حەسەنی قزڵجی، بنەمای گێڕانەوەی كوردیی بەهێز كرد. لە “گەڕەكی داهۆڵەكان”دا، شێرزاد حەسەن ڕیالیستانەتر لە بنجوبناوانی مرۆڤی كۆمەڵگای كوردی دەكۆڵێتەوە. “گەڕەكی داهۆڵەكان” لەلایەكەوە لە چوارچێوەی زەقكردنەوەی دۆخی ژیانی مرۆڤی كورد، خەمی ئەو مرۆڤە وەسف و وێنا دەكات و لەلایەكی ترەوە ڕەخنە لەو دۆخ و كەسانە دەگرێت كە وا دەكەن ئینسانی كورد هەم لەئاستی كۆمەڵایەتی، هەمیش لەئاستی ئینسانی خەمۆك و بێدەرەتان و چارەڕەش بمێننەوە. زمانی گەڕەكی داهۆڵەكان تەوسێكی تاڵە كە بە وردترین شێوە دۆخی تراژیدیی مرۆڤی كورد دەخاتە بەر چاو و سەرنجی خوێنەرەكەی.

جیهانی داستانیی شێرزادم پاشتر لە “پێدەشتی كارمامزە كوژراوەكان”دا پتر ناسی. لەم ڕۆمانەدا شێرزاد لە توانستەكانی زمانی ژانرێكی ئەدەبیی لەچەشنی “حەیران”، كە لەڕاستیدا ژانرێكە سەر بە ئەدەبی زارەكیی كوردی، بە قازانجی خوڵقاندنی ڕۆمانێكی مۆدێرن كەڵك وەردەگرێت. هەرچەند ئەو زمانە چڕوپڕەی “حەسار” لێرەدا ئامادە نییە، بەڵام شێرزاد زۆر وردبینانە ئاستی خەون و واقیع، ئەوەی كە ئایا بەسەرهاتی هەمین و بایز، دوو کەسایەتیی سەرەکیی ڕۆمانەكە، دواجار لەواقیعدا ڕووی دا یان لە خەیاڵی بایزدا، تێكەڵ دەكات و لەم رێیەوە خوێنەری خۆی تووشی سڵەمینەوەی جوانیناسانە دەكات. شێرزاد لەم ڕۆمانەدا بەردەوام ئاستی جوانكاریی تەكنیكی و جوانیی زمان، هەرچەندە كەموزۆر درێژدادڕ، تێكەڵ دەكات و لێناگەڕێ ڕۆمانەكەی ببێتە مەیدانی گەمەی فۆرمبازیی ڕووت یان زمانبازیی ڕەها.

بەگشتی، قەڵەمی شێرزاد حەسەن قەڵەمێكی نەحەواوە و بێئۆقرە و ڕەخنەگرە. شێرزاد لە جیهانی چیرۆك و ڕۆمانەكانیدا نەك هەر قایل بە دۆخی بەردەست نییە، بەڵكوو لەئاست ئەو دۆخەدا تووڕە و بەگازندەیە. بۆ نموونە، چارەنووسی ژن و كچی كورد لە كۆمەڵگای كوردیدا، كە دەستكردی ئیرادەی پیاوسالارانەی پیاو و خودی ژنی كوردە، شتێك نییە كە بە لای شێرزادەوە سروشتی و ئاسایی بێت، هەربۆیە خەونی بەرهەمەكانی ئەو كۆتاییهێنانە بەو دۆخەی كە تێیدا ژن چەوساوەی ئیرادەی خودئاگا و ناخودئاگای سیستەمی دەسەڵاتدارێتیی پیاوسالارییە. لە جیهانی داستانیی شێرزاددا، ئەگەر پیاوی كورد خەمۆك و نەزۆك و دەستەوەستانە، ئەگەر ژنی كورد ژێرەدەست و مەیلكوژراو و بەستەزمانە، بەشێكی بەرچاوی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم مرۆڤی کورد لە دۆخی ژیانێكی شایستە دابڕاوە/ یان دایان بڕاندووە.

قەڵەمی شێرزاد قەڵەمێكی وریاییدەر و لە هەمان كاتدا دڵنیاییبەخشە: وریاییدەرە چونكی چاوی ئێمە لە حاند ئەو پێكهاتە و پەیوەندییانەی كە دەمانخاپێنن و دەمانچەوسێننەوە، لەچەشنی دەسەڵاتی دینی و باوكسالاری و سەرمایەداری و ناسیونالیزم، دەكاتەوە. دڵنیاییبەخشە، لە سۆنگەی ئەوەی بەردەوام پەیامی سەركەوتنی جوانیی بەسەر دزێوی پێیە. قەڵەمی شێرزاد لە ڕەگەزی ڕەشەبایە، نەك شنەبا، ئەو ڕەشەبایەی كە ناچارە بڕووخێنێ بۆ ئەوەی جارێكی تر هیوای هەستانەوە و ژیانەوە لە دڵ و دەروونی چەوساوەكان و ماڵكاولاندا بگەشێنێتەوە و بڕوێنێتەوە.