لە “گشت”ی مانگەوە بۆ “پاژ”ی خاڵ

لە-گشتی-مانگەوە-بۆ-پاژی-خاڵ

دەق

“بزە”
خالید حیسامی (هێدی)

نازانم بۆت لە چی بدوێم
هەروا لە شتی جوان دەگەڕێم

لە مانگ، لە ڕۆژ، لە ئەستێرە
لە شتی بەر چاو لەوێ، لێرە

هەر جێیە زەنوێر و بەرزە
ئەوی زۆر دڵگر و تەرزە

لە وەنەوشەی تەڕی بەهار
لە غونچەی سەر چڵووکی دار

لە تروسکەی ئاوی ئاوهەڵدێر
لە وێنەی مانگی ناو ئەستێر

لە ئاونگی سەر پەلکی شین
کە بە شنەی با دێتە لەرین

لە گوڵ لە پیکەنینی گوڵ
لە بولبول کە بۆی دێتە کوڵ

لە هەنیەی سپی و قەتارە
لە لاجانگ و ورشەی گوارە

لە ڕووی ناسکی کچ کە بڕێ
لە شەرمان سوور هەڵدەگەڕێ

لەو مەمکەی لە ناو باخەڵدا
هاتووە سەر لە کراسی هەڵدا

لە نێو قەدی شل و نەرم
نەرم و شلی باوەش گەرم

لە پەنجەی وەک تیشکی هەتاو
شوێنی بازن تۆزێک قوپاو

لە ڕەشانگی پینە پینە
کە کەو لێی دەکەونە چینە

لە قەڕەنفڵی ناو پەرژین
لە یاقوت لە پیرۆزەی شین

هەر یەک چەشنێ جوانن لەلام
جوانی تریش زۆرن بەڵام

ئەو خاڵەی لە کوڵمەی زێوت
خلیسکا بۆ سووچی لێوت

تۆ ئەو ئاوێنە ڕاگرە
بە من لە هەمووان جوانترە

ترسم هەیە تێی ڕامێنی
دەگەڵ بزەت بیبزوێنی

دەغیلت بم با هەر وا بێ
نە وەک لە وێش تلاسابێ

گوڵم ئاوێنەکەت دانێ
بزەی تۆ گەمەی نازانێ

١٥/٣/١٩٧٢
عێراق، گوندی دێڵزە
مانگی خاکەلێوەی ١٣٥١ی هەتاوی

ڕەخنە

لە “گشت”ی مانگەوە بۆ “پاژ”ی خاڵ
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەکارانە بۆ شیعری “بزە”ی هێدی

عەبدولخالق یەعقووبی

ئەوە ڕاستە کە ژێدەر و بابەتی شیعر پڕ و پاراویی کۆتایی هەڵنەگری جیهانی کەتوارە (واقیع)، بەڵام شاعیر، وەک پردی پێوەندیی نێوان جیهانی کەتوار و زمانی واژە، بەردەوام عەبداڵی دۆزینەوە و خوڵقاندنی جوانییە. کەواتە، شیعر لە ئاخێزگەی کەتوار، بە جوان و ناحەزییەوە، ئاو دەخواتەوە، بەڵام ئاراستەکەی ڕووی لە داهێنانی جوانییە: جوانی لە جیهاندا و جوانی لە زماندا. شاعیر هەم جوانییەکانی جیهانی کەتواری بەردەست دەبینێت و دەبینێتەوە، هەمیش جوانییەکانی جیهانی وشە و کەلام و زمان کەشف و کەوی دەکات.
لە مێژووی ئەدەبیاتدا بەگشتی باسی دوو چەشنی داهینانی ئەدەبی کراوە. گۆتە، شاعیری ئەڵمانی، ئەم دوو چەشنە بەم جۆرە شی دەکاتەوە: یەکەم، ئەو داهێنانەی کە بۆ دۆزینەوەی پاژ (جزء) گشت (کل) دەپشکنێت و دووهەم، ئەو داهێنانەی کە گشت لە نێو پاژدا دەبینێت و دەدۆزێتەوە. دەستکەوتی داهێنانی جۆری یەکەم “نموونەکاری”یە (تمثیل) کە تێیدا پاژ تەنیا نموونەیەکە لە گشت، لە کاتێکدا شێوازی دووهەم بێ لاکردنەوە لە گشت، پاژ دەخاتە بەر چاوان. ئەگەر بێت و خوێنەر بەوردی لەم پاژە تێبگات، ئەوە هاوکات و بە شێوەیەکی ناخودئاگا و ناڕاستەوخۆ لە گشتەکەش تێدەگات. سروشتی شیعر، وەک هەر ژانرێکی تری ئەدەبی کە بۆی هەیە بەم دوو مەنتیقە کار بکات، پتر لەگەڵ شێوازی دووهەم دەگونجێت کە تێیدا شاعیر لەڕێگای زەقکردنەوەی زمانیی پاژەکانی جیهان ئاوێنەیەک دەخاتە بەر دەستی خوێنەر کە دواتر بتوانێت ئەو گشتەی کە پاژەکانی بەرباسی شاعیری لەخۆ گرتووە وێنا بکات. لێرەوە بەم ئەنجامە دەگەین کە “مەعریفە”ی شاعیرانە مەعریفەیەک نییە بە واتا زانستییەکەی، واتە ناساندنی کەتوار بەو چەشنەی هەیە و هەستی پێ دەکرێت، بەڵکوو زرینگانەوە و زایەڵەی واقیعە لە نێو زەین و خەیاڵی خوێنەردا. شاعیر پاژێک وێنا دەکات کە دەکرێت “گشت”ی ئەو پاژە پاشتر لە زەینی خوێنەردا خوویا ببێت. هەربۆیە، دەکرێت بڵێین مەعریفەی شیعری مەعریفەیەکی ناڕاستەوخۆ، ناخودئاگایانە، و ناوەخت و بێشوێنە، چونکی شاعیر وێناکەرە نەک قسەبێژ، بە زمانێکی پتر خەیاڵ ئاسا دەدوێت تا کەتوارئاسا، و شیعری خۆی بۆ زەمانێکی تایبەت و شوێنێکی دیاریکراو نانووسێت. ئەو شیعرەی ئاخێزگەی (reference) جیهانی خۆی بە تەنیا مانا یان بە تەنیا زمان بزانێت یان مەعریفەیەکی دروشم ئاسا بەرهەم دەهێنێت، یان لە بازنەی بەرتەسکی واژەبازیدا دەخولێتەوە.
شیعری “بزە”ی هێدی ئەگەر لە ڕوانگەی پرسی پاژ و گشتەوە لێی بکۆڵدرێتەوە، شیعرێکە لە هێنانەئارای ئەو دیمەنە جوانانەی کە لە بەر چاوی مرۆڤ گشتن، وەک مانگ، ڕۆژ، و ئەستێرە، دەست پێدەکات و لەکۆتاییدا بە ئاماژەکردن بە دیمەنێکی جوانی پاژەکی – واتە خاڵی سەر کوڵم – کۆتاییی پێ دێت. هەڵبەت لەنێوان ئەو دوو جەمسەرەی گشت و پاژەدا هێندێک جوانی دیکەش هەن کە دەنگی شیعریی ئەم شیعرە (کە دیارە هەر خودی شاعیرە) پێی وایە دەتوانێت بۆ بەردەنگی خۆی (واتە، گوڵم) لێیان بدوێت، وەک “وەنەوشەی تەڕی بەهار، تروسکەی ئاوی ئاوهەڵدێر، وێنەی مانگی نێو ئەستێر، ئاونگی سەر پەلکی شین، ڕووی ناسکی کچ،…..”. ئەم دیمەنە جوانانە هەڵبەت نە وەک مانگ و ڕۆژ و ئەستێرە گشتی گشتن، نە وەک خاڵی سەر کوڵمیش پاژی پاژ. ئەو شتەی شاعیر لێرەدا وەک تەمهیدێکی شیعری کەڵکی لێ وەرگرتووە ئەوەیە کە ئەم دیمەنە نە زۆر گشتەکی و نە زۆر پاژەکییانەی، بە بۆچوونی من، بە چوار مەبەست بە کار هێناوە: یەکەم، ئەم جوانییە مام ناوەندییانەی کردووەتە پردێکی پێوەندی بۆ گەیاندنی ئەو دیمەنە جوانە گشتیییانەی لەچەشنی مانگ و ڕۆژ و ئەستێرە بۆ جوانییەکی پاژەکیی لەچەشنی خاڵی سەر کوڵم. دووهەم، لەم ڕێگەیەوە زەمینەیەکی زەینی و مەودایەکی مەنتقی بۆ خوێنەر دروست دەکات بۆ ئەوەی ڕادەی وردبینی و هەر وەتر ڕێژەی تامەزرۆییی خۆی بۆ خاڵی سەر کوڵمی “گوڵم” دیاری و دەستنیشان بکات. شاعیر ناخوازێت زۆر لە کتوپڕ و بێ تەیکردنی چەند مەنزڵگایەک بەردەنگی خۆی، یان لە ئاستێکی تر، خوێنەری خۆی، بە مەبەست و مانای شیعرەکەی بگەیەنێت. سێهەم، ڕیزکردنی ئەو کۆمەڵە دیمەن و دیاردە جوانانە چەشنێک هەڵپەساردنی جوانیناسانە (Aesthetic suspension) لە پێکهاتەی شیعرەکەیدا دروست دەکات و ئەم تەکنیکەش جۆرە چاوەڕوانییەک لە خوێنەردا بەدی دەهێنێت کە مەیلی خوێندنەوە و تاسەی گەیشتن بە ئاکامی دەقەکەی تێدا پتر بکات. چوارەم، لە مەودای نێوان باسکردن لە شتە جوانە گشتییەکانی لە جۆری مانگ و ڕۆژ و ئەستێرە و تێپەڕین بە سەر پردی دیمەنە جوانە مام ناوەندییەکانی لەچەشنی “غونچەی سەر چڵووکی دار و پێکەنینی گوڵ و پەنجەی وەک تیشکی هەتاو و … تا دەگاتە خاڵی هەرە پاژەکیی شیعرەکە، واتە خاڵی سەر کوڵم، شاعیر گۆڕەپانێکی مانایی و زمانی بۆ خۆی دەخوڵقێنێت کە تێیدا کۆمەڵێک تەعبیر و وێنە و ئیماژ و ئاماژەی شاعیرانەی شاز و شەنگ و تورت و تازە دەخوڵقێنێت، لە نموونەی:
لە پەنجەی وەک تیشکی هەتاو
شوێنی بازن تۆزێک قوپاو

کە شوبهاندنی پەنجە بە تیشکی هەتاو و زەقکردنەوەی دیمەنێکی جوان و پاژەکیی لە چەشنی “شوێنی بازن تۆزێک قوپاو” لە ئەزموونی شیعری کلاسیکی کوردیدا شوبهاندن و زەقکردنەوەیەکی نوێ و ناوازەیە.
ئەگەر بخوازین لە باری پێکهاتەییەوە (structure) لەم شیعرە بڕوانین، بۆمان هەیە بیکەینە دوو بەش. بنەمای ئەم دابەشکارییە دەتوانێت مەسەلەی شێوەی هەڵسوکەوتی شاعیر بێت لەگەڵ ئەو پتر وێنە (وێنەی ئاسایی) و کەمتر ئیماژە (وێنەی خەیاڵی) شیعرییانەی کە لەم دەقە شیعرییەدا خوڵقاندوونی. لە بەشی یەکەمدا، کە ١٥ بەیتی سەرەتای شیعرەکە لەخۆ دەگرێت، شاعیر زۆربەی وێنە و ئیماژە شیعرییەکانی لەسەر حاڵەتی فۆتۆ (وێنەی بێ جووڵە) ڕاو دەکات، واتە وێنە و ئیماژەکان لە بزاڤ و جووڵە بێ بەرین و هەربۆیە، دەکرێت پێیان بڵێین “وێنە و ئیماژی فۆتۆیی”. بۆ نموونە، بڕوانە ئەم وێنانە: “وەنەوشەی تەڕی بەهار، وێنەی مانگی نێو ئەستێر، غونچەی سەر چڵووکی دار” یان ئەم ئیماژە: “پەنجەی وەک تیشکی هەتاو”. هەڵبەت هەر لەم بەشەشدا، وێنە و ئیماژ هەن کە نابنە فۆتۆ و تێیاندا بزووتن و جووڵە هەیە و من ناویان دەنێم “وێنە و ئیماژی ڤیدیۆیی”. بۆ نموونە، بڕوانە ئەم وێنانە:

لە ئاوەنگی سەر پەلکی شین
کە بە شنەی با دێتە لەرین
یان
لە ڕووی ناسکی کچ کە بڕێ
لە شەرمان سوور هەڵدەگەڕێ
یان
لەو مەمکەی لە ناو باخەڵدا
هاتووە سەر لە کراسی هەڵدا

بەڵام لە بەشی دووهەمدا، واتە لە بەیتی ١٦هەمەوە کە شاعیر باسی خاڵی کوڵمی زێویی “گوڵم” دەکا، هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی، یەکەم، هەموو دێڕەشیعرییەکان بە دەوری یەک وێنەی ناوەندیدا دەخولێنەوە کە بریتییە لە خاڵی سەر کوڵم. دووهەم، بزووتن و جووڵە لە هەموو وێنە شیعرییەکاندا بەدی دەکرێت و وێنەکان سەرلەبەر ڤیدیۆیی و نافۆتۆیین، وەک لەم کارانەوە دەردەکەوێت: خلیسکا، ئاوێنە ڕاگرە، تێی ڕامێنی، بیبزوێنی، تلاسابێ، و ئاوێنەکەت دانێ. سێهەم، دەنگی شاعیر لێرەدا ئاشکراتر دەردەکەوێت و دۆخی خۆی تێکەڵ بە ڕەوتی ڕووداوی ئەم بەشە دەکات ئەو کاتەی لە دواین سێ بەیتی شیعرەکەدا ڕاستەوخۆ “تۆ” یان “گوڵم” دەدوێنێت و باس لە ترس و دەغیل بوونی خۆی دەکات و دواجار بە حاڵەتی ئەمرکردنێکی تژی لە ڕێز و بە زمانێکی تەنزئاسای لێوڕیژ لە جوانی پێی دەڵێت:
گوڵم ئاوێنەکەت دانێ
بزەی تۆ گەمەی نازانێ
کاتێک خوێنەر دەگاتە بەشی دووهەمی ئەم شیعرە و لە ئاسمانی گشتگەلی لەچەشنی مانگ و ڕۆژ و ئەستێرە دادەبەزێت و لە ئامێزی وێنەگەلی تۆزە گشتەکیی لەجۆری وەنەوشەی تەڕی بەهار و ترووسکەی ئاوی ئاوهەڵدێر و ڕەشانگی پینە پینە و … دێتە دەرێ و واز لە هەموو ئەو جوانییانە دەهێنێت کە بە چەشنێک لە دەرەوەی وجوودی “گوڵم”ن، یەکسەر دەکەوێت بەسەر عەردی واقیعی پاژێکی ڕوخسار و ڕواڵەتی یار کە وەک بڵێی هەموو ئەو جوانییانەی گۆرین لەپێناوی ئەم خاڵەدا بوونیان بووە و لای شاعیری “بزە” زەمینەخۆشکەری سەلماندنی جوانترینی جوانییەکانن کە بریتییە لە “خاڵی سەر کوڵمی زێو”. شاعیر، با ناخودئاگایانەش، لە پێکهاتەی بەشی دووهەمی شیعرەکەیدا جووڵە و بزووتنێکی لەڕێگای خلیسکانی خاڵی سەر کوڵمی زێو بۆ سەر سووچی لێو خوڵقاندووە وەک ئەوەی بڵێی جووڵەی ئەو خاڵە جووڵەی هەموو هەست و نەستی جوانی پەرەستانەیەتی و بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەم ڕاستییەش بە “گوڵم” دەڵێت، تەنیا بە قسەی من ڕازی مەبە و خۆشت سەیری بکە تا هەم لە هەقیقەتی ڕا و ڕوانینی من تێبگەی، هەمیش خۆشت لە چێژی بینینی ئەو خاڵ و حاڵە بێبەش نەبی:
تۆ ئەو ئاوێنە ڕاگرە
بە من لە هەموان جوانترە

بەڵام زۆری پێ ناچێت شاعیر لەم بیر و بۆچوونەی پاشگەز و پەژیوان دەبێتەوە و پێی وایە ئەو خاڵە هەر بە سەقامگیری و جێگیری بمێنێتەوە باشترە تا ئەوەی بە دەم بزەی “گوڵم”ەوە ببزوێت و بتلاسێت:
ترسم هەیە تێی ڕامێنی
دەگەڵ بزەت بیبزوێنی
دەغیلت بم با هەر وا بێ
نە وەک لەوێش تلاسابێ

دواجار شاعیر بە یەکجاری واز لە بڕیاری خۆی دەهێنێت و بەپێچەوانەی داوای یەکەمجاری کە ویستی “تۆ ئەو ئاوێنە ڕاگرە”، دەڵێت:
گوڵم ئاوێنەکەت دانێ
بزەی تۆ گەمەی نازانێ

لێرەدا شاعیر ئەوپەڕی مەیل و خۆشەویستی و ئێرەیی خۆی بۆ “گوڵم” بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و تەوس ئاسا و لە دووتوێی زمانێکی نەرمونیان و حەریرئاسادا دەردەبڕێت و دوایی بە گرتەی ڤیدیۆییی بەشی دووهەمی شیعرەکە و پێکهاتەی گشتیی شیعرەکە دەهێنێت.
بەکورتی هێدی لە شیعری “بزە”دا شاعیرێکی پاژنۆڕ و وردبینە و لەبری باسکردنی لە خۆشەویستی لە قەوارەی “گشت”دا تەنیا ڕوو دەکاتە پاژێکی لە جۆری خاڵی کوڵمی زێو و لەم ڕێگای زەقکردنەوەیەکی زمانی و وێنەیی بۆ ئەم پاژە لە وجوودی “گوڵم”دا دەربڕی هەستی هەناوی خۆیەتی. مەعریفەی ئەم شیعرە بێ گومان مەعریفەیەکی دروشمکارانە و زمانبازانە نییە و شیعرەکەی هەر چەندە پێکهاتەیەکی زمانی و ماناییی زۆر سادە و ساکاری هەیە، بەڵام کۆمەڵێک دەستکەوتی جوانیناسانەی گەورە و گرنگی لێ کەوتووەتەوە کە لەم نووسراوەیەدا هەوڵ درا هێندێکیان بەسەر بکرێتەوە.

هەولێر، بەهاری ٢٠١٣

ئاماژە: ئەم وتارە لە دیداری شیعری کلاسیکی کوردی، کە پووشپەڕی ٢٠١٣ لە سلێمانی و لە سەر ئەرکی یەکێتیی نووسەرانی کورد بەڕێوەچوو، خوێندرایەوە.