ڕەسەنایەتیی دەق لە چیرۆکدا

ڕەسەنایەتیی دەق لە چیرۆكدا

ڕۆلان بارت لە کتێبێکیدا بە ناوی s/z کە ڕەخنەیەکی پێکھاتەخوازانەیە لەسەر چیرۆکی “سارازین”ی باڵزاک باسی دژوازیی نێوان دوو جۆر ڕۆمان دەکا: ڕۆمانی کلاسیک و ڕۆمانی نوێ. بە بڕوای بارت دەقی ڕۆمانی ڕیالیستی کلاسیک دەقێکی خوێنەرانەیە (Readerly Text). لە دەقی خوێنەرانەدا بنەمای پرۆسەی خوڵقانی مانا لە سەر زەینییەتی خوێنەر دانامەزرێت، چونکی نووسەر پێشەکی لەڕێگای دەسەڵاتی خۆی بەسەر دەقدا و ھەر وەھا لە ڕێی بەکارھێنانی ھەندێک زەمینە و پێش فەرزی زەینییەتی خۆی ھەر لە سەرەتاوە مانای دەقەکە و ئەرکی خوێنەری – کە پەسەند کردنی ئەو مانایە بێت – ڕوون کردووەتەوە. لە دەقی خوێنەرانەدا، خوێنەر مافی داھێنانی مانایی لێ زەوت دەکرێت و تەنیا وەزیفەی ئەوەیە دەقەکە بەو شێوەیە بخوێنێتەوە کە نووسەر مەبەستییەتی.
بەڵام لە دەقی نووسەرانەدا (Writerly Text) پرۆسەی خوێندنەوە لەسەر بناغەی توانستی داھێنانی ماناییی خوێنەر داڕێژراوە. لەمجۆرە دەقانەدا خوێنەر لەڕێگای ئافراندنی مانایەکی تایبەت بە زەینییەتی خۆی سەرلەنوێ دەقەکە دەنووسێتەوە، ڕەنگە دەقێکی تر و دنیایەکی تر. بارت نووسەرانەبوونی دەق بە تایبەتمەندیی بەرچاوی دەقی نوێ دەزانێت.
بەمجۆرە لە کتێبی s/z دا بارت ئەدەب دەکاتە دوو بەش: لە دەستەی یەکەمدا خوێنەر دەورێکی ئەوتۆ ناگێڕێت، ئەگەریش ئەرکێک ھەبێت تەنیا سەلماندن یان نەسەلماندنی دەقەکەیە، واتە خوێنەر تەنیا کاوێژکەرەوەی ئەو شتەیە کە نووسەر دەرخواردی داوە. ئەمجۆرە ئەدەبە ئەدەبێکی خوێنەرانەیە، ئەدەبێک کە ئەگەر بخوازی بیخوێنیتەوە پێویستە پێشەکی تەسلیمی ویست و خواستەکانی بیت. لەم چەشنە ئەدەبەدا بە ساکاری لە دالەوە دەگەی بە مەدلوول بە بێ ھیچ تێڕامان و لێوردبوونەوەیەکی ئەوتۆ.
بەڵام لە ئەدەبی دەستەی دووھەمدا ئەرکێکی تایبەت دەکەوێتە ئەستۆی خوێنەر. خوێنەر دەبێتە پاژێک لە پاژەکانی دەق، بە وتەیەکی تر خوێنەرێک بوونی نییە لە دەرەوەی دەق. لەم چەشنە ئەدەبەدا نووسین پرۆسەیەکی خاوەن سەرەتا و کۆتایی نییە، یەک جار دەستی پێ بکەی و یەک جاریش کۆتایی پێ بێنیت، بەڵکوو دەروازەیەکی ھەمیشە لەسەر پشتە بە ڕووی خوێنەردا تاکوو بێت و بە شێوەیەک لە شێوەکان دەوری نووسەر بگێڕێت. لە دەقی نووسەرانەدا دال ڕاستەوخۆ ئاماژە بە مەدلوولەکەی ناکا، و مەودای نێوان دال و مەدلوول پێچوپەنا و کەندولەندی زۆرە.
دەقی خوێنەرانە دەقێکی ڕاوەستاوە و لە جیھان وەک سیمایەکی نەگۆڕ دەدوێت. بەڵام دەقی نووسەرانە ناخوازێت ئێمە لە دەلاقەی زمانەوە بڕوانینە جیھانی کەتوار (واقیع)، بەڵکوو ھانمان دەدات لە گەوھەر و سروشتی زمان ورد ببینەوە. کەواتە، لە دەقی نووسەرانەدا ئەگەر بڕیار بێت جیھانێک ھەبێت، ئەوە تەنیا ئەو جیھانەیە کە خوێنەر خۆی لە کاتی خوێندنەوەدا دەیخوڵقێنێت.
***
لە ژانری چیرۆکدا سێ جۆر گوتار دەبینرێت: گوتاری واقیع، گوتاری مرۆڤ، و گوتاری دەق. لە چۆنێتی و چەندێتیی گرنگیپێدان بەم گوتارانەشەوە سێ جۆر ڕەسەنایەتی لەدایک دەبن: ڕەسەنایەتیی ئۆبژە (بابەت)، ڕەسەنایەتیی سووژە (زەین)، و ڕەسەنایەتیی دەق.
لە ڕەسەنایەتیی ئۆبژەدا ئەوەی گرنگی پێ بدرێت کەتوار و جیھانی کەتوارە. ئەمجۆرە ڕەسەنایەتییە پێی وایە نووسین واتە خوڵقاندنەوەی واقیعی دەوروبەرمان. تۆ کە لە چیرۆکدا دەنووسی “پشیلە”، بە قەولی نۆرترۆپ فرای، واتە ھەر ئەو گیانلەبەرەی کە دەمیاوێنێت. زۆرینەی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی – بە تایبەتی پێش نەوەدەکانی سەدەی پێشوو – دەچنە ئەم خانەیەوە. بۆ نموونە، “غەوارە”ی “عەزیزی مەلا رەش” دەقاودەق ڕەسەنایەتی دەدات بە کەتوار. نووسەر ھیچ دەستێک لە کەتوار وەرنادات و گێڕانەوەی کەتواری بێ ڕوتووش دەکاتە ھەوێنی ڕۆمانەکەی. گریمانە و فەڕزی سەرەکی و ھەمیشەییی نووسەری لەم دەستە ئەوەیە کە ئەو شتەی بە واژەی “پشیلە” ناوی دێت، دەبێت ھەمان پشیلەکەی کەتوار بێت کە لەنێو زەینی خوێنەریشدا دەمیاوێنێت.
لە ڕەسەنایەتیی سووژەدا ئەوەی سەرنجێکی شایانی پێ بدرێت لایەنی خودئاگاییی گێڕەڕەوە و خودی توێژەکانی زەینە لە خودئاگاییەوە تا ڕەھەندە پڕپێچوپەناکانی ناخودئاگایی. لە ئەدەبی ڕۆژاوادا، نموونەیەکی بەرچاو کارەکانی “جیمز جۆیس”ە و ھەڵبەت ڤیرجینیا ئۆڵفیش. لە چیرۆکی کوردیدا، ئەگەر بمانەوێت نموونەیەکی کەموزۆر سەرکەوتوو بۆ ئەم خانەیە بدۆزینەوە دەبێت ئاماژە بە کورتەچیرۆکەکانی “شێرزاد حەسەن” بکەین، بۆ وێنە لە “من و قالە و سەگەکەی پاڤلۆڤ”دا.
لە ڕەسەنایەتیی دەقدا ئاشکرایە ئەوەی دەکەوێتە ناوەندی سەرنجەوە دەقە و ھەر وەتر پێوەندیی دەق بە دەقەکانی پێشووەوە. لەمجۆرە ڕوانینە بۆ چیرۆک لەنێوان نووسەر و خوێنەر و دەقدا گەمەیەکی ھاریکارانەی سێ قۆڵی بۆ نووسین و خوێندنەوەی دەق دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت. لێرەدایە کە دەڵێین دەق بەردەوام لە حاڵی نووسینەوەدایە. لەھەمان کاتدا بەردەوام لەحاڵی خوێندنەوەشدایە. نە نووسەر دوابڕیاری خۆی لەسەر نووسینی دەق دەردەکات، نە خوێنەر لەسەر خوێندنەوەکەی. وەک “ھوشەنگ گوڵشیری”، چیرۆکنووسی ناسراوی فارس، دەڵێت، ئەگەر لە ڕابردوودا دەقێکمان ھەبوو بە ناوی کەڵەدەق کە بەر لە ئێمە نووسراوە، ئێستا وردەدەقگەلێکمان ھەیە کە لەسەر دەستی ئێمەی خوێنەر دەنووسرێنەوە.
چیرۆکی کوردی زۆر بەدەگمەن لەم بوارەدا ھەوڵی جیدیی داوە. چیرۆکی “مەبال”ی “یۆنس ڕەزایی” لەم ھەوڵە دەگمەنانەیە. لەم چیرۆکەدا دەبینین نووسەر لە زمانی ڕەخنەکارێکی فەڕزییەوە ڕێگا بە خوێنەر دەدات لە ھەڵوەشاندنەوە و نووسینەوە و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی ھەموو چیرۆکەکەدا بەشداری بکات. لە “مەبال”دا نووسەر خۆی بە ئەنقەست لەڕێگای دابەشکردنی دەقی چیرۆکەکەی بە سەر چەند وردە دەقدا دەسەڵاتی خۆی دەدا بە جۆری خوێندنەوەی خوێنەر.
لە ئەدەبی ڕۆژاوادا کاری پۆست مۆدێرنیستەکان دەکەوێتە ئەم خانەیەوە. ئەسڵی “نەبوونی قەتعییەت”ی باوەڕی پۆست مۆدێرنیستی لەگەڵ ئەم چەشنە ڕوانینە بۆ چیرۆکنووسی یەکدەگرێتەوە.
***
ئێستا پرسیارێک کە دەتوانێت سەرەداوی باسی یەکەم و دووھەممان بە یەکەوە گرێ بدات ئەوەیە کە ڕۆحی دەقی نووسەرانە نیزیکتر لە کام یەک لەم سێ جۆر ڕەسەنایەتییانەیە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدان؟ بە وتەیەکی تر، ئایا وا ھەیە بڵێین ئەگەر ھات و دەق بکەوێتە یەکێک لەم سێ خانەی ڕەسەنایەتییەوە، ھەر بەو نیسبەتەش ڕێژەی خوێنەرانەبوون یان نووسەرانەبوونی بگۆڕدرێت؟
بێگومان لە ڕەسەنایەتیی کەتواردا دواجار دەقێک بەرھەم دێت کە خۆی بە ڕیالیزمێکی ڕووتەوە خەریک دەکات. کەوایە، بێ سێ و دوولێکردن دەتوانین بڵێین ئەمجۆرە ڕەسەنایەتییە دەقی خوێنەرانە بەرھەم دەھێنێت. ئەگەر زۆرینەی چیرۆکی کوردی دەقی خوێنەرانەن، ئەوە بێ شک ھۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر جۆری ھەڵبژاردنی ڕەسەنایەتییەکەی کە بەردەوام لەسەر خوڵقاندنەوە و نواندنی کەتوار پێدادەگرێت. لەمجۆرە چیرۆکانەدا دەبینی لە ئاکامدا پەیامێکت پێ دەگات، بەڵام شانبەشانی ئەم پەیامە ھیچ چەشنە جوانکارییەکی ھونەریی چیرۆک وەرناگریت. بە تەعبیرێکی تر، لەو چیرۆکانەی کە ڕەسەنایەتیی کەتوار دەکەن بە ڕەسەنایەتیی باڵادەست، ئایدۆلۆژیا، کە دواجار لە قەوارەی پەیامدا خۆی دەردەخات، دەنگی زاڵی دەقە. ئەو شەپۆلە چیرۆکەی کە لەسەر دەستی گەڕیانی “ڕیالیزمی سوسیالیزم” لە دەوروبەری شەستەکان و حەفتاکان و زیاتر لە کوردستانی باشوور دەنووسران، نموونەی ھەرەئاشکرای ئەمجۆرە ئایدۆلۆژیاخوازییەن. لە چیرۆکی کوردستانی ڕۆژھەڵاتدا، ئەگەر پێمان وایە زمانی کۆمەڵەچیرۆکی “پێکەنینی گەدا”ی حەسەنی قزڵجی زمانێکی پتروەسفی و کەمتر گێڕانەوەییە، بێ شک ھۆیەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕەسەنایەتییەی کە ئەم کۆمەڵەچیرۆکە دەیخوازێت، واتە ڕەسەنایەتیی کەتوار یان واقیع.
بەڵام لە ڕەسەنایەتیی سووژەدا ئایدۆلۆژیا دەورێکی ئەوتۆ ناگێڕێت، بەڵکوو ئەوە زەینییەتی بگۆڕی کەسایەتییەکانە کە دەسەڵاتی سەرەکیی جیھانی چیرۆکیان بەدەستەوە دەبێت. لە ڕەسەنایەتیی سووژەدا وردەوردە ڕێگا بەرەو گەیشتن بە دەقی نووسەرانە خۆش دەبێت. سووژە دونیایەکی فرەبوار و فرەلایەنە، دونیایەک کە ئاڵۆزی یەکەمین و گرنگترین نیشانەیەتی، دونیایەک کە تەنانەت کەتواریش لە کەتواربوونی خۆی دادەماڵێت و ڕۆحی کەتوارێکی ھونەریی بە بەردا دەکات. بە وتەیەکی وردتر، لە ڕەسەنایەتیی سووژەدا کەتوار لە بێژنگی زەینییەتی کەسایەتییەکانی دەدرێت، ئەو زەینییەتە جۆراوجۆرانەی کە دەکرێت ھەر کامیان لە گۆشەنیگایەکەوە لە جیھان بڕوانن و ڕاڤەی بکەن، و بەو نیسبەتەش دەنگی جۆراوجۆر بخوڵقێنن و دواجار ئەو ھەلە بۆ خوێنەر بڕەخسێنن کە لە نووسینەوەی دەقدا بەشدار بێت.
بەڵام لە ڕەسەنایەتیی دەقدا سەرلەبەری پێکھاتەی دەق لەپێناوی ئاواڵەھێشتنی دەستی خوێنەرە بۆ پەسندکردنی ھەرچەشنە ڕاڤە و ڕوانینێک کە دەکرێت بەپێی ڕەگەزەکانی دەق لە دەقی ھەڵێنجێت. لەمجۆرە ڕەسەنایەتییەدا دەق خۆی دەکاتە ناوەندی سەرنجی خوێنەر. واتە ئەوەی دەق بوونی کەتوار و بوونی سووژە لەنێو بوونی خۆیدا دەتوێنێتەوە و ئینجا خۆی وەک بابەتی خوێندنەوە و نووسین دەخاتە بەر دەستی خوێنەر. کاتێک لە چیرۆکێکی پۆست مۆدێرندا نووسەر لەڕێگای ھێندێک تەکنیکی گێڕانەوەییەوە بەردەوام باسی دەقی چیرۆکەکەی دەکات، دەخوازێت ئەو ڕاستییە وەبیر خوێنەر بێنێتەوە کە ئەو دونیایەی ئێستا بۆت دەگێڕمەوە دونیای ئەو چیرۆکەیە کە لەسەر دەستی منی نووسەر خوڵقاوە؛ کەوایە، تۆ ئێستا لە گشت جیھانی کەتوار دابڕاوی و لەنێو جیھانی دەقی مندا دەژیت. لێرەدایە کە خوێنەر ناڕاستەوخۆ دەکێشرێتە نێو ژیانەوە و نووسینەوەی دەقی چیرۆک. بە وتەیەکی تر، لە ڕەسەنایەتیی دەقدا خوێنەر ناچارە لەوەی لەگەڵ دەق بژیت، چونکی گشت جیھان لەنێو دەقدا کۆ دەبێتەوە، لە ئۆبژەوە بگرە تا سووژە، تەنانەت خودی دەقیش؛ کەوایە، لە دەرەوەی دەق جیھانێک بەدی ناکرێت ھەتا بیھەوێت بێ ئەو دەقە بژییت. ئەوە ھەستێکە کە لە کاتی خوێندنەوەی، بۆ نموونە، ڕۆمانی “بەفر”ی “ئۆرھان پاموک”دا خوێنەر دادەگرێت.
ئەو چیرۆکەی کە خاوەنی ڕەسەنایەتیی دەق بێت دەقێکی نووسەرانەیە، دەقێک کە دواجار خوێنەر و نووسەر و جیھان لەنێو پێکھاتەی خۆیدا کۆ دەکاتەوە و دەرفەتی پێکەوەژیان و یەکترنووسینەوەیان پێ دەدات. لە دوابەشی نۆڤێلێتی “خەونی جاڵجاڵۆکەکان” ی “شێرزاد حەسەن”دا، ئەو خەونەی کە گێڕەڕەوەی چیرۆکەکە بۆ “پاکیز”ی خێزانی دەگێڕێتەوە تێکەڵ بە کەتوار دەبێت. کەتوار یان واقیع کە ئەو بەشە لە چیرۆکەکەیە کە گێڕەڕەوە و خێزانی خەریکی دەمەتەقە لە سەر خەونەکەن لەنێو خەونەکەدا دەتوێتەوە. خوێنەر کە سەرەتا بیسەری خەونەکەیە، لە نێوەڕاستی چیرۆکەکەدا دەبێتە بینەری ئەو خەونە و دواجار دەبێتە بەشێک لەو خەونە. ئەم چیرۆکە نموونەی ھەرەباشی چیرۆکێکی کوردییە کە ڕەسەنایەتی داوە بە دەق.
***
لە دواسیکانسی فیلمی “گومانلێکراوە ھەمیشەییەکان”دا، “شۆزێ”، قارەمانی سەرەکی، کە پیاوکوژێکی ونی بەناوبانگە، لە دایرەی پۆلیس و لە ژووری لێپرسینەوەدا سەرۆک پۆلیس ھەڵدەخەڵەتێنێت و خۆی بە بێتاوان دەسەلمێنێت و دەڵێت: “گەورەترین فێڵی شەیتان ئەوە بوو کە ئەم باوەڕەی خستە نێو دڵمانەوە کە بوونی نییە”؛ منیش دەڵێم گەورەترین فێڵی چیرۆک لەوەدایە کە قەناعەتمان پی دەھێنێت کە بوونی ھەیە.
پەراوێز و سەرچاوە:
١. مقدادی، بھرام، فرھنگ نقد ادبی، تھران ١٣٧٨، لل ٤٤١-٤٤٢
٢. ئێمبێرتۆ ئیکۆ لە بری دەستەواژەی دەقی نووسەرانە لە دەقی کراوە و لە بری دەقی خوێنەرانە لە دەقی داخراو کەڵکی وەرگرتووە.
٣. گلشیری، ھوشنگ، کارنامە، شمارە ١٠، ل ٥
٤. مەبال، یۆنس رەزایی، رامان، ژومارە ٦١، لل ١٤٩-١٥١
٥. خەونی جاڵجاڵۆکەکان، شێرزاد حەسەن، رامان، ژومارە ٦١، لل ١٦٢-١٧٦