جگە لە لایەنی فەساحەت و بەلاغەت، و جگە لەو جوانکارییانەی کە لە موفرەداتی شیعریدا کردوویەتی و مەسعوود موحەممەد بە باشی شی کردۆتەوە، لەم دیدارەدا باسی ئەوە دەکرێ مەعریفەی شیعری نالی، و ئەو گوتارانەی کە لە شیعری نالی دا ھەن، یەکەم: چین؟ و دووەم: مەعنا و شرۆڤە و شیکردنەوەکانیان دەبێت چۆن بکرێن؟ بۆ نموونە، نالی لە ھەندێ شیعریدا دەردەکەوێت کە پاڕادایمێکی فیکری، قەوارەیەکی فیکریی تایبەت بە خۆی بۆ جیھان ھەیە، و دەیەوێ لە ڕوانگەی زۆر تایبەتی خۆیەوە بە زمانی شیعر و بە گوێرەی ئەو پاڕادایمە فیکرییە قسە بکات. نموونە زۆر زۆر سادەکەی ئەگەر بیھێنمەوە، ئەو قەسیدە بەناوبانگەیەتی کە وەکوو جۆرە شینگێڕان یان وایلۆکێک، هەڵبەت بە زمانێکی زۆر شەنگ و ڕیتمێکی زۆر زیندوو، لەسەر (کەر – گوێدرێژ)ەکەی خۆی نووسیویەتی.




