بزاڤی ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بزاڤی ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان

ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گوتارێکی نوێ و کەم تەمەن، بەڵام پڕجووڵە و وزەمەندە. هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆماری کوردستان (١٩٤٦) و کرانەوەی کاتەکیی کەشی سیاسیی گونجاو بە ڕووی چالاکیی کولتووریی و بە تایبەت ڕۆژنامەنووسیی، دەرەتانی سەرەتاتکێ کردنی ئەو قەڵەمانەی (نموونەی دیار هەژار و هێمن، دوو شاعیری میللیی کۆمار) کە هاوکات هەم سیاسەتوان بوون، هەمیش وێژەوان ڕەخسا. ئەم سەرەتایە پتر لەوەی گوتاری ئەدەبی/ سیاسی بێت گوتارێکی سیاسی/ ئەدەبی بوو. واتە، دەقی ئەدەبی و، لەویش بەرفراوانتر، چالاکیی کولتووریی لە خزمەتی ڕەوایەتی دان بە گوتاری سیاسیی ئەوکاتی کۆمار بوو. دیارە لە کەشوهەوایەکی ئەوتۆدا ڕەخنەی ئەدەبی ئەستەم بوو وەکوو گوتار بێتە ئاراوە، لە سۆنگەی ئەوەی ئەدەبیاتی ئەو سەروبەندە ئاراستەیەکی زۆرتر سیاسیانە و شۆرشگێڕانەی هەبوو، کە بە مانای ئەوە بوو ڕەخنەی ئەدەبی دەبوایە پتر لەوەی خۆی بە جوانییەکانی دەقەوە سەرقاڵ بکات، خەریکی پشتڕاستکردنەوەی دروشمەکانی کۆمار بوایە. دیارە ئەمەش لەگەڵ عەقلانییەتی گوتاری ڕەخنەیی کە پتر ئاراستەیەکی شیکەرەوانە، نەک وەسفئامێز، و دانوستانکارانە، نەک تاکدەنگییانە، هەیە نەدەگونجا. هەر بۆیە ، لەو سەردەمەدا ڕەخنەی ئەدەبی نەک هەر وەکوو گوتار، بەڵکوو وەکو بزاڤێکی بچووکیش، نابینرێت.
هەڵبەت لەباری کەشی کۆمەڵایەتیشەوە، کۆمەڵی ئەوکاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێکی زۆرینەی گوندی و کەمینە شارنشین بوون، و ئەو تاقمە لە نوخبەی شارنشینی خوێنەواری پەروەردەی سیستمی نوێی خوێندنی زانستگایی، کە دەبنە ماشێنی بەرهەمهێنانی عەقڵ و بەرهەمی ڕەخنەییش، هێشتا سەریان هەڵنەدا بوو. ئەگەر سەرنجێک بگرینە زۆرینەی داهێنەرانی گوتاری ئەدەبیی ئەوکاتی ڕۆژهەڵات [کە من پێیان دەڵێم نەوەی کۆمار] (حەقیقی، عەتری گڵۆڵانی، هەژار، هێمن، خاڵەمین، ئاوات، هێدی، تاهیری هاشمی و …)، دەبینین هەر هەموویان پەروەردەی سیستمی خوێندنی حوجرەیی و مزگەوت بوون، و لە دڵی گوندەکانی کوردستانەوە هاتنە نێو گۆرەپانی ئەدەبیاتەوە و پاشان هەر بەو کولتوور و هزرەوە لە شار دانیشتن یان ئاوارە بوون. لە ڕاستیدا، لە نێوان ئەم داهێنەرە گەورانەی ئەدەبیاتی کوردی نامەنووسین و ڕاگۆڕینەوە لە سەر بار و بواری بەرهەمەکانیان هەبووە، بەڵام ئەم دانوستانە کەموزۆر لە ئاستی قسەی خۆش و پەسندی شیعری یەکتر و گلەیی دۆستانە و… تێنەپەڕیوە بۆ لێکدانەوەی شیعری و شیکردنەوەی ناوەڕۆک و ڕەخنەکاریی دەقەکانیان (بۆ نموونە، ئەو گلەییە بەناوبانگەی هەژار لە “هێمن”ی کردووە لە سەر شیعرەکەی بۆ شای ئێران).
لەم نێوانەدا دوو وێژەوان ئاوارتەن؛ واتە، هەر چەند بە تەمەن و سەردەم سەر بە نەوەی کۆمارن، بەڵام وەکو هزر و بەرهەم لەوان جیاوازن، و بە ڕای من هەر لە ڕێگای هزر و بەرهەمەکانی ئەم دوو کەسەوەیە کە یەکەم سەرەداوەکانی گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەردەکەون. ئەم دوو خامەدار/ سیاسەتمەدارە حەسەنی قزڵجی و عەبدوڵڕەحمانی زەبیحی-ن. ئەم دوو کەسایەتییە بۆ یەکەمجار دوای کۆماری کوردستان لە هزری مەیلەوچەپی سیاسییانەوە بەرەو ئاراستەیەکی ڕەخنەتەوەر لە کارە ئەدەبییەکانیان هەنگاو دەنێن. هەوڵەکانی زەبیحی لە بواری زمانناسیی و قزڵجی لە پانتایی چیرۆکنووسیی تەنیا لە خواستی ئەوان بۆ بەرهەمهێنانی قامووسی زانستیی کوردی یان گوتاری گێڕانەوەی نوێی کوردیدا شیاوی شیکردنەوە نییە، بەڵکو هەروەتر ئەوان لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەکارانەوە و بە مەبەستی بەرهەمهێنانی گوتارێکی ڕەخنەیی تەقالای ئەدەبیی خۆیان چڕ کردۆتەوە. بە وتەیەکی تر، دیدی ئەوان بۆ ئەدەبیات تەنیا لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی داهێنەرانەدا قەتیس ناکرێت، بەڵکو، سەرباری ئەمە، ئەدەبیاتێکی ڕەخنەگرانەی کۆمەڵایەتیش بەرهەم دەهێنن کە زۆر لە ئامانجەکانی ڕیالیزمی سۆسیالیستی – ئەو ڕێبازە ئەدەبییەی کە پشتئەستوور بە جیهانبینیی مارکسیزمە – نیزیکە. کەواتە، دەکرێت بڵێین بزاڤی ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شانبەشانی هزریکی سیاسی لەدایک دەبێت کە پێداگری لەسەر خوێندنەوەیەکی ڕەخنەکارانە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی و هاوکات بەرپاکردنی شۆڕشێکی سیاسیی ڕزگاریبەخشی نەتەوەیی دەکات. “پێکەنینی گەدا”ی قزڵجی، وەکوو بەرهەمێکی ئەدەبی، نموونەی دیاری ڕەوتێکی ئەوتۆیە. ڕاستە “پێکەنینی گەدا” کۆمەڵە وتارێکی رەخنەیی نییە، بەڵام هەر ئەو دیدە ڕەخنەکارانەیە وا لە قزڵجی دەکات هەندێک وتاری پەرشوبڵاوی ڕەخنەی ئەدەبی بنووسێت یان وەربگێڕێت کە تێیدا ڕەچاوی نوێترین شێوازەکانی ڕەخنەی ئەدەبیی ئەوکات بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی بکات (بۆ نموونە، بڕوانە ئەو وتارە ڕەخنەییەی قزڵجی لەسەر شیعری “بەهاری لادێ” هێمنی موکوریانی نووسیویەتی).
ڕەوتی سەرهەڵدانی ڕەخنەی ئەدەبی لە نەوەی دوای کۆماردا (بە تایبەتی دەیەی ١٩٦٠) لە قەڵەمی شاعیری پێشەنگی ڕۆژهەڵات “سوارە ئیلخانیزادە”دا چڕ دەبێتەوە. سوارە و هاورێکانی، عەلی حەسەنیانی (هاوار) و فاتح شێخئولئیسلامی (چاوە)، یەکەم نەوەی دوای کۆمارن کە لەسەر بنەمای دوو نەریت چاوی ئەدەبی و ڕەخنەییان دەپشکوێت. یەکەم، نەریتی ئەدەبیاتی پێش خۆیان، بە کلاسیکی نالی و وەفایی و کلاسیکی نوێی نەوەی کۆمارەوە تا دەگاتە ئەزموونی نوێی گۆران، شاعیری پیشڕەوی باشووری کوردستان. دووهەم، نەریتی زانستی، واتە ئەزموونی خوێندن و خوێندنەوە لە زانستگا پیشکەوتووەکانی ئێران و بەتایبەتی تاران، و تێکەڵبوون بە کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییەکانی شاعیر و نووسەرانی فارس. ئەم دوو نەریتە و هاوکات هزری پێشکەوتخوازانە و چەپگەرایانەی سوارە وایان لێ کرد جگە لە شیعر، بە نووسین و وەرگێرانی وتاری ڕەخنەی ئەدەبیش لە گۆرەپانی داهێناندا ئامادە بێت و پشکێکی گرنگی لە پتەوکردنی ماڵی ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەر بکەوێت. سەرنجێکی خێرا لە کۆمەڵە وتارە کورت و پڕواتاکانی سوارە لە بەرنامە رادیۆییەکانی “تاپۆ و بوومەلێڵ” ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن کە سوارە بەوردی دەقی شیعری ناسیوە و توانستی شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی جوانیناسانەی ئەدەبیاتی بووە (بڕوانە ئەو وتارەی سوارە لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەزموونی شیعریی “شێرکۆ بێکەس” لە بەرنامەی ناوبراودا پێشکەشی کردووە). لەم ڕووەوە، سوارە یەک لە پێشەنگانی بزاڤی ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
تازەترین نەوەی بواری ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەموزۆر دە ساڵ دوای شۆرشی گەلانی ئێران و لە دەیەی ١٩٩٠ سەری هەڵدا، ئەوکاتەی مامۆستا هێمن گۆڤاری “سروە”ی دامەزراندبوو، ئەنجومەنە ئەدەبییەکان لە سەرتاسەری کوردستان بەرەو چالاکبوون دەڕۆیشتن، و شەپۆلێکی زۆر و زەبەندی لاوی کورد ڕوویان دەکردە زانستگاکانی ئێران، و لەم ڕێگایەوە دەیان گۆڤاری خوێندکاری لەدایک دەبوون، و بەگشتی دۆخی کولتووریی کۆمەڵی کوردیی بەرەو وشیاری و خودئاگایی هەنگاوی دەنا. لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا، تەنیا بەرهەمی ئەدەبی (شیعر، چیرۆک، و رۆمان) وەڵامدەرەوەی خواستی هزریی ئەو سەروبەندە نەبوو، و پێویست بوو گوتارێکی ڕەخنەی ئەدەبی کوردییش بۆ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو گوتارە ئەدەبییە بێتە ئاراوە. ئەوە جگە لەوەی زۆربەی نووسەرانی کورد ئاگایان لە ڕەوتی ڕەخنەی ئەدەبیی فارسی (بە نووسین و وەرگێڕانەوە) بوو کە زۆر جیدی و بەهێز و کاریگەر ئەدەبیاتی داهێنەرانەی فارسییان شەنوکەو دەکرد و پتر و وردتر بە خوێنەرانی خۆیان دەناساند (بۆ نموونە، بڕوانە، دەنگدانەوەی کتێبی ڕەخنەی ئەدەبیی “طلا در مس”ی “رضا براهنی” و کتێبی “مکتبهای ادبی”ی بە وەرگێڕانی رضا سید حسینی لە دەیەکانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠).
ئەم نەوەیە سەرەتا لە دووتوێی کۆمەڵێک بابەتی ساکاری ڕەخنەی ئەدەبی لە گۆڤاری “سروە” و گۆڤارە خوێندکارییەکان و هەندێک جاریش گۆڤارە ئەدەبییەکانی باشووری کوردستان دەرکەوتن، و وردە وردە لەڕێگای وتاری تێروتەسەلتر و تەنانەت چاپکردنی کتێبی سەربەخۆی ڕەخنەی ئەدەبی (بۆ نموونە، بڕوانە کتێبی “پێکهاتەی بەیتی کوردی”ی ڕەهبەر مەحموودزادە و کتێبی “دەنگی بلوورینی دەق”ی عەبدولخالق یەعقووبی، و کتێبی “فەرهەنگی زاراوەی ئەدەبی: ئەدەب، ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری ئەدەبی”ی بەختیار سەجادی و محەمەد مەحموودی) بە ئاراستەی دروستکردنی گوتارێکی پڕوزەی ڕەخنەی ئەدەبی هەنگاوی نا. جیاوازیی گرنگی ئەم نەوەیە لەگەڵ دوو نەوەی پێشوو لە پشتئەستوورنەبوونیانە (نەک بێبەریبوون) بە گوتاری سیاسی. بە وتەیەکی تر، ماشێنی هزریی ئەم نەوەیە بۆ کارکردن لە چوارچێوەی گوتاری ڕەخنەی ئەدەبیدا پتر لەوەی سووتەمەنیی خۆی لە گوتاری سیاسی/ شۆرشگێڕانە وەربگرێت لە خودی گوتاری کولتووری/ ئەدەبی وەردەگرێت؛ بەڵام هەڵبەت ئەم گوتارە ڕەخنەییە بێبەری نییە لە تاو و تەئسیری دۆخی سیاسیی کۆمەڵی خۆی و گوتاری سیاسیی کوردیش. هەر ئەم تایبەتمەندییەش وای کردووە گوتاری ڕەخنەیی ئەم نەوەیە پتر لەوەی ئاراستەی سیاسی/ کولتووری بێت ئاراستەیەکی کولتووری/ سیاسی وەربگرێت.
ئەم کۆمەڵە وتار و وتوێژە ڕەخنەییەی بەڕێز “شەریف فەلاح” لە دووتوێی ئەم کتێبەدا کۆی کردوونەتەوە بەرهەمی هزر و هەوڵەکانی سێهەمین نەوەی ڕەخنەکارانی ئەدەبیی رۆژهەڵاتی کوردستانە، هەر چەند هەندێکیان باسی ڕەخنەی ئەدەبی دەکەن بێ ئەوەی ڕەخنەکاری ئەدەبی بن، و ئەگەریش نوێنەرایەتیی دەنگی سەرلەبەری ئەم بزاڤە نەکات، لانیکەم دەرخەری دۆخی ڕەخنەی ئەدەبیی ڕۆژهەڵاتە لە سەر دەستی نەوەی گۆرین. گرنگیی کاری “شەریف فەلاح” لەوە دایە کە لە گەرووی ئەم پەرتووکەوە دەنگی ئەم نەوەیە، بە دلێر و نیوەدلێر و نادلێرییەوە، بە گوێی خوێنەرەوەی کورد دەگەیەنێت، و دەبێتە سەنگی محەکێک بۆ نەوەکانی دواڕۆژ تا بزانن و بیسەلمێنن نەوەی سێهەمی ئەم ڕەوتە ڕەخنەییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی بۆ ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی کردووە.

زانکۆی نۆلج/ هەولێر/ بەهاری ٢٠١٨

سەرنج: ئەم وتارە وەکوو پێشەکی بۆ کتێبێکی هاوڕیی نووسەر شەریف فەلاح لەسەر ئەدەبی ڕۆژهەڵات نووسراوە.