پاژێک لە کتێبی “فاشیزم” بە قەڵەمی کەڤن پاسمۆر

پاژێک لە کتێبی “فاشیزم” بە قەڵەمی کەڤن پاسمۆر
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە:
عەبدولخالق یەعقووبی
فاشیزم بریتییە لە کۆمەڵێک ئایدیۆلۆجی و کردە کە دەخوازێت وەفاداربوون بە نەتەوە، لەڕێگەی پێناسەکردنی پەرژینکراو بۆ نەتەوە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک چەمکی ژینەکی، کولتووری و/یان، مێژوویی، باڵاتر لە وەفاداربوون بە هەرشتێکی تر دابنێت و، کۆمەڵێکی یەکانگیر بخوڵقێنێت. ناسیونالیزمی فاشیستی لایەنی دواکەوتووانەی هەیە، لەسۆنگەی ئەوەی لەخۆگری دوژمنایەتییەکی توند لەگەڵ سۆسیالیزم و فێمینیزمە، چونکی ئەمانە لە ڕوانگەی فاشیزمەوە چین و ڕەگەز بە باڵاتر لە نەتەوە دەزانن. هەر بەم هۆیەیە فاشیزم بزووتنەوەیەکە سەر بە باڵی ڕاستی توندئاژۆ. فاشیزم هەروەتر بزووتنەوەیەکە سەر بە باڵی ڕاستی ڕادیکاڵ، چونکی لەسەر ئەو باوەڕەن شکستدانی سۆسیالیزم و فێمینیزم و خوڵقاندنی نەتەوەیەکی یەکانگیر پەیوەندیی بە هەڵکشانی ئەو دەستەبژێرە نوێیە هەیە بەسەر پەیژەی دەسەڵاتدا کە بە ناوی خەڵکەوە دەجووڵێنەوە، ڕێبەرێکی کاریزماتیک بەسەر سەریانەوە بێت و، لە قەوارەی حیزبێکی سەربازی و جڤاتیدا دەربکەون. فاشیستەکان لەسۆنگەی هاوبەشییان لەگەڵ پارێزکاری (کۆنزێرڤاتیزم) لەبەر ئەو ڕقەی لە سۆسیالیزم و فێمینیزم هەیانە بەرەو پارێزکاری دادەگەڕێن، بەڵام لە هەرجێیەک بەرژەوەندیی نیشتمانی بیخوازێت ئامادەن دەست لە بەرژەوەندیی پارێزکارانەی لەچەشنی خاوەندارێتی، دین، زانستگە و، دامودەزگای کارگێڕی (ئیداری) بشۆنەوە. ڕادیکاڵیزمی فاشیستی هەووەتر سەرچاوەگرتوو لە خواست بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایەتیی هاوشان لەگەڵ قبووڵکردنی هەندێک داواکاریی تایبەتی بزووتنەوەگەلی ژنان و کرێکارانە؛ هەڵبەت تا ئەو شوێنەی داواکاریی لەمجۆرە لەگەڵ ئەولەوییەتگەلی نیشتمانیدا بگونجێت. فاشیستەکان هەوڵ دەدەن لەڕێگەی یەکخستنی ژنان و کرێکاران لە قاڵبی چەند بەشێکی حیزب و/یان لە قاڵبی سیستەمێکی پیشەییدا هاوئاهەنگیی نێوان بەرژەوەندیی ژنان و کرێکاران لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەستەبەر بکەن. هاتنەنێو ئەم ڕێکخراوانە و ئەو دەرماڵانەی ئەم ڕێکخراوانە بە ئەندامانی خۆیان دەبەخشن بە تایبەتمەندیگەلی نەتەوەیی، سیاسی و/یان نەژادیی تاکەکانەوە دەبەسترێتەوە. لە هەموو لایەنگەلی سیاسەتەکانی فاشیزمدا جێپێی ناسیونالیزمی توندئاژۆ دەبینرێت.