“پرۆفیسۆر، تۆ خەریکی نەتەوەکەم پارچە پارچە دەکەی”

“پرۆفیسۆر، تۆ خەریکی نەتەوەکەم پارچە پارچە دەکەی”

سۆفی هارداک

و/ لەئینگلیزییەوە: عەبدولخالق یەعقووبی

 

جەعفەر شێخولیسلامی، کوڕێکی گەنج، بۆ ماوەی چوار شەو رێگای نێوان ئێران بۆ تورکیای بڕی بۆ ئەوەی خۆ لە ئاگری شەڕی ئێران و عێراق رزگار بکات. جەعفەر پاشان ڤیزای کەنەدای وەدەست هێنا، بوو بە مامۆستای زانکۆ، و دواجار خۆی بۆ کەڵکەڵەی گەورەی ژیانی تەرخان کرد: زمانی زگماکی، واتە کوردی، زمانی نەتەوەیەکی کەمینە کە لە تورکیا، ئێران، و عێراق و سووریا قسەی پێ دەکرێت، و لە زۆر هەوڵی رەسمیی سەرکوتکاری رزگاری بووە و بە زیندوویی ماوەتەوە. شێخولیسلامی، کە هەنووکە پرۆفیسۆری [هاوکاری] بەشی زمانناسیی زانکۆی کارلێتۆنە،لە پشوودانی سەباتیکلە ([یەکساڵ پشوودان لە کاری زانکۆ بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە]) بۆ راپەڕاندنی تۆژینەوەی مەیدانی لە کوردستانی عێراق) ناوچەیەکی خودموختار لە باکووری عێراق کە, لە سایەسەری پارەی نەوت و پشتیوانیی ئەمریکا، زمانەکەی خەریکە گەشە دەستێنێت. بەڵام تۆژینەوەکەی شێخولیسلامی جارێکی تر ئەوی خستووەتەوە نێو ئاگری شەڕەوە، ئەم جارەیان شەڕی بیرۆکەکان.

لە نێو جەرگەی ئەم شەڕ و پێکدادانەدا، ئەو پرسیارەی سەری هەڵداوە: زمانی رەسمیی کوردستانی عێراق دەبێت چی بێت؟ کورمانجیی ناوەڕاست، یان وەک دەڵێن سۆرانی؟ یان هەم کورمانجیی ناوەڕاست، هەمیش کورمانجیی باکوور، کە هەر وەها ناسراوە بە کورمانجی؟ بۆ کەسانی دەرەوەی ئەم پرسە، ئەمە لەوانەیە وەک کێشەیەکی بە ئاسانی بڕیار لە سەر دراوی خۆماڵی بێتە بەر چاو. بەڵام لە ناوچەیەکدا کە پێکدادانی عەشیرەیی و هەوڵی جوداییخوازانە لەتوکوت و پارچە پارچەی کردووە، و لەو شوێنەی کە زمان ئەوەندەی کەرەسەی سەرکوتکاری بووە ئەوەندەش ئامێری پێوەندی گرتن بووە، وەڵامی ئەم پرسیارە بۆی هەیە جیاوازیی نێوان کۆمەڵگایەکی لە حاڵی گەشە کردن و کۆمەڵگایەکی دژوازیی مەدەنی دەستنیشان بکات.

هەندێ پسپۆڕ لە حکومەتی هەرێم دەخوڕن و هانی دەدەن سۆرانی بکات بە زمانی رەسمیی کوردستان. حکومەتی هەرێم دەنگی پشتگیریی خۆی بۆ داوایەکی لەم چەشنە دەربڕیوە، بەڵام هەنووکە بە پارێزی زیاترەوە لە گەڵ پرسەکە هەڵسوکەوت دەکات، لە سۆنگەی ئەو ترسەی کە لە تووڕە بوونی ئاخێوەرانی کورمانجی هەستی پێ دەکات. بەرگریکارانی مافی زمانی مشتومڕی ئەوەیانە کە هەر دوو زاراوە پێویستە ببن بە رەسمی. بەڵام ئەو کاتەی شێخولئیسلامی درەنگانی ساڵی پار ئەم تێڕوانینەی لە کۆنفڕانسێکی شاری هەولێر هێنایە بەر باس، کوڕێکی گەنج لێی هەستایە سەر پێ و بەوە تۆمەتباری کرد خەریکە تۆوی نارەزامەندی و نەسازان دەوەشێنێت.

“کوڕەکە گوتی:’پرۆفیسۆر شێخولیسلامی، تۆ خەریکی نەتەوەی کورد پارچە پارچە دەکەی؛ بۆ کاری وا دەکەی؟'” ئەو بە تەلەفۆن لە سۆرانەوە باسی ئەمە دەکات. سۆران، شارێکی کوردنشینی عێراق، نیزیک سنووری ئەو وڵاتە لە گەڵ ئێران، ئەو شوێنەی شێخولیسلامی بۆ ماوەی دەرفەتی لێکۆڵینەوەکەی لێی دەژی [وەکوو پرۆفیسۆری میوان لە زانکۆی سۆران]. “وەڵامی منیش ئەمە بوو، ‘باشە، من چۆن دەتوانم ئە کارە بکەم؟ من هیچ هێز و دەسەڵاتێکم نییە شتی ئاوا بکەم. من هاتووم پێت بڵێم پارچە پارچە بوون شتێکە پێشتر رووی داوە، کە واتە تۆ ئەگەر زیرەک و زانا بی، رێگای دروست هەڵدەبژێری و لێناگەڕێی نەتەوەکەت زیاتر لەوەی هەیە پارچە پارچە بێت.'”

زۆرینەی کوردانی عێراق، کە ژمارەیان لە نێوان چوار بۆ شەش ملیۆن کەسە، بە سۆرانی دەپەیڤن و بە ئەلفوبێیەکی سازگارکراوی عارەبی پێشی دەنووسن. پارەی یارمەتیی گشتی، کە لە رێی داهاتی نەوتەوە دەستەبەر دەکرێت، رێگای دابین کردنی خەرجی بڵاو کردنەوەی کتێبی بە سۆرانی خۆش کردووە، جا چ فەرهەنگی زاراوەی پزیشکی بێت، چ وەرگێڕانی بەرهەمەکانی هێمینگوێی (Hemingway). سەرباری ئەمە، بە پێی ئامارێکی پرۆفیسۆر جێفری هەیگ (Geoffrey Haig)، مامۆستای زمانناسی لە زانکۆی بامبێرگی (Bamberg) ئەڵمانیا، نیزیکەی یەک ملیۆن کوردی عێراقی بە کورمانجیی باکوور، یان کورمانجی، دەئاخفن. کورمانجی هەر وەتر بە درێژاییی سنووری تورکیاش قسەی پێ دەکرێت، سەرباری ئەو هەموو هەوڵەی کە حکومەتی تورکیا بۆ سەرکوت کردنی ئەو زمانە خستییە گەڕ.  بەڵام کوردان لە تورکیا ئەلفوبێی لاتینی بە کار دەهێنن، کە مانای ئەوەیە فەرهەنگی زاراوەی پزیشکی لەو دیوی سنوور چ کەڵکی ئەوتۆی بۆ ئەوان نابێت.

زۆر کەس قەناعەتیان وایە رێنووسێکی هەمە لایەنەی کوردی چارەسەری زۆربەی گرفتەکانە. بەڵام کام رێنووس؟ لایەنگرانی ئەلفوبێی لاتینی دەڵێن کە ئەلفوبێی لاتینی بە باشترین شێوە دەنگەکانی زمانی کوردی دەنوێنێت. نەیارانیان هەمان بۆچوونیان بۆ پیتی عارەبی هەیە، کە هەڵگری گرینگییەکی زیادەشە وەک رێنووسی پیرۆزی قورئان.

محەمەد کەمال، وانەبێژی فەلسەفەی رۆژاوایی و ئیسلامی لە زانکۆی مێلبۆرن (Melbourne)، یەک لەو چەندان پسپۆڕانەیە کە دیاری کردنی سۆرانی وەک تاکە زمانی رەسمی بۆ کوردستان بە پەسند لە قەڵەم دەدات. ئەو لە ئیمەیلێکدا ئاوا دەنووسێت و دەڵێت: “من دەقی فەلسەفیی زۆر بە پێچوپەنا لە سەر ئەرەستوو ، نیچە، و هایدگر بە سۆرانی دەنووسم. من تا ئێستا چاوم بە دەقی زانستی و فەلسەفی بە کورمانجی نەکەوتووە.”

کەمال باسی ئەوە  دەکات کە زاراوەی سۆرانی لە ماوەی سەدە و نیوێکی رابوردوو لە کوردستانی باشووردا وەک زمانێکی رەسمیی رانەگەیەندراو کاری پێ کراوە، و فرە کەسی رۆشنبیری کورد بەم زاراوەیە قسە دەکەن.

کە واتە هەندێک ترس و دڵەڕاوکە هەن لەوەی کە چارەسەریی دوو زمانی، واتە دان پێدانان [بە رەسمی بوونی] هەم بە کورمانجی، هەمیش بە سۆرانی، بۆی هەیە هیوای کوردان بۆ دروست کردنی دەوڵەت-نەتەوەی خۆیان کەم بکاتەوە و دواجاریش بفەوتێنێ.

“تا ئەو کاتەی ئێمە گرووپێکی قەومیی دیاریکراوین بە ناوی نەتەوەی کورد، دەبێ خودان زمانێکی ستانداردی یەکگرتووی هاوبەش بین،” ئەمە قسەی سوداد رەسووڵە، وەرگێڕێکی کوردی دانیشتووی بریتانیا، کە لە ئیمەلێکدا نووسیویەتی. پاشان دەڵێت: “ئێمە باش دەزانین ئاکامی جووت ستاندارد بوون چییە، کە دواجار دەبێتە هۆی پارچە پارچە بوونی نەتەوەکەمان؛ بە دڵنیاییەوە ئەنجام دەبێتە دوو نەتەوەی جیاواز بە دوو زمانی جیاوازەوە.”

کەمال و سوداد و پسپۆڕانی تر سۆرانی وەک زاراوەیەکی پێشکەوتوو، دەوڵەمەند، ئەدەبی، و خاوەن پایە و پێگە وەسف و وێنا دەکەن.

 

هەندێک چالاکی بواری مافی زمانی بە توندی دژی ئەم گوتانە دەوەستنەوە.  ناڕەزامەندی و دڵگرانیی خۆیان لە هەمبەر ئەم گوتانە دەردەبڕن. لە هەر حاڵدا، پێناسە کردنی زاراوەیەک یان زمانێک بە پێشکەوتووتر یان دەوڵەمەندتر لە زاراوە و زمانێکی دیکە شێوازێکی کۆنی سەرکوت کردنی شێوەزارە کەمینەکانە. لە زمانی ئاکسێتەن (Occitan)، کە لە باشووری فەرەنسە قسەی پێ دەکرێت، هەروەها چەند شوێنێکی ئەو دەوروبەرە، وشەی ڤێرگۆیا/ڤێرغۆیا (vergonha) داتاشرا بۆ ئاماژە دان بە ئەو سیاسەتانەی کە حکومەتی ناوەندی ڕەچاوی دەکرد دژی بەکارهێنانی ئاکسێتەن، لە رێی ناوزڕاندنی ئەو زمانە بە سەرەتایی و دواکەوتوو، لە کاتێکدا زمانی فەرەنسیی پاریسی وەک زمانێکی پاڵاوتە و لە باری رۆشنبیرییەوە باڵاتر وەسف دەکرد. مانای قامووسیی وشەی ڤێرگۆیا بریتییە لە “شوورەیی” [و “شەرم” و”سەرشۆڕی”].

کوردان خۆیان لە گەڵ چەمکی شوورەیی نامۆ نین. ئەوان کە زۆرجار وەک نەتەوەی بێ دەوڵەت باسیان لێ کراوە، بۆ چەند سەدە ئاواتەخوازی پێکهێنانی وڵاتێکی ئاوەدان و ئازاد بوونە کە تێیدا زمان و کولتووریان خاوەنی رێز و بەها بن. ئەحمەدی خانی، شاعیری سەدەی حەڤدە و ناسراو بە شێکسپیری کوردان، وشیاریی ئەوەی دا کە زمانێکی بێ دەسەڵاتی سەربەخۆ کە بیپارێزێ لە دراو و پووڵێکی بێبایەخ دەچێت کە مۆری ڕەسمیی میریی پێوە نەبێت.

خاتوو ساندرین ئالێکسی (Sandrine Alexie)، کتێبدارێکی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس، کە شیعری مەم و زین، واتە بەسەرهاتی دوو ئەڤینداری نامورادی، وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی فەرەنسی، دەڵێت: “خانی باسی ئەوە دەکا ئەگەر زمانێک دەوڵەتی خۆی پشتی نەگرێ بۆ ئەوەی بە زمانێکی رەسمیی لە قەڵەم بدات، ئەوە دەبێتە زمانێک کە وەک تاوان چاوی لێ دەکرێ. خانی بە تێگەیشتن لەم خاڵە زۆر زۆر وەپێش سەردەمی خۆی کەوتبوو.”

ئەوە ئاشکرایە، لە سەدەی بیستەمدا، بە کار هێنانی زمانی کوردی بوو بە تاوان. تورکیا، سووریا، و ئێران هەوڵیان داوە پێکەوە زمانی کوردی بخەنە ژێر گوشارەوە. لە تورکیا تەنانەت وشەی “کورد” بۆ ماوەیەک یاساغ کرا. ئیمڕۆکە یاسای قەدەغە کردنەکە هەڵوەشاوەتەوە. بەو حاڵەشەوە،هێشتاش بە پێی مادەی ٢٢٢-ی یاسای سزا دانی تورکی ئەوەی قانوونی بە کار هێنانی ئەلفوبێی تورکی پێشێل بکات حوکمی زیندانی دوو تا شەش مانگی بۆ دەبڕدرێتەوە. ئەم مادەیە بە کار هێنانی پیتگەلی “x”، “w”، و “q” بە نایاسایی دەهێنێتە ئەژمار: ئەم پیتانە لە ئەلفوبێی تورکیدا نین. بەڵام پیتگەلی گۆرین لە ئەلفوبێی کوردیدا بەدی دەکرێن، وەک: نەورۆز (newroz)، [یەکەم رۆژی] ساڵی نوێی کوردی. گوشار لە سەر تورکیا بە مەبەستی گۆڕینی ئەم یاسایە لە پەرە ئەستاندن دایە.

ئەو کاتەی ئالێکسی بۆ شاری دیاربەکر، هەڵکەوتوو لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا، سەفەری کرد، بە چاوی خۆی بینی کە ترس و دڵەڕاوکەی زۆری [ئەحمەدی] خانی بۆ زمانی بە بێ دەوڵەت وەڕاست گەڕابوو. کوردانی گەنج گوێیان بۆ پرسیارەکانی ئەو، کە بە کورمانجییەکی روون و رەوان دەیکردن، شل کردبوو، بەڵام بە تورکی وەڵامیان دەدایەوە. ئالێکسی دەڵێت: “ئەوان بە منیان گوت، تۆ رێک وەک باوە گەورەمان لە گوندەکان قسە دەکەی.”

لە لایەکی تر، لەکوردستانی عێراق، زمانی کوردی لە بواری چاپەمەنی،رادیۆ، و تەلەڤیزیۆندا لە حاڵی گەشەسەندن دایە. هەرێمی کوردی، کە وەبەرهێنەرانی بیانی وەک “عێراقێکی تر” بە بەژن و باڵایدا هەڵدەڵێن، لە زۆر لایەنەوە وەکو هاوپەیمانێکی جێی متمانە و ڕووەوگەشەکردن قەناعەتی بە ئەمریکا هێناوە. حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو لە بواری ناردنی خوێندکار بۆ دەرەوەی وڵات و هەروەتر زانکۆکانی ناوخۆ بودجەی وەگەڕ خستووە و پسپۆڕانی رۆژاوایی و هەر وەها پسپۆڕانی کوردی تاراوگەی بۆ لای خۆی پەلکێش کردووە. هەندێک لە سەر ئەو باوەڕەن کە حکومەتی کوردی دواجار پێوەندییەکانی لە گەڵ بەغدا کۆتایی پێ دەهێنێت و سەربەخۆیی  رادەگەیەنێت. ئەمە هەڵبەت بەو مانایەیە کە جەماوەری سی ملیۆن کەسیی کوردی ناوچەکە بە ئومێدەوە دەڕواننە کوردستان لە کاتێکدا خەون بە ئەو شوێنەوە دەبینن کە تێیدا زمانی کوردی – بە هەر واتایەکی بێت – دواجار بۆی هەیە ببێتە زمانی رەسمی.

جۆیس بلو (Joyce Blau)، سەرۆکژمێریاری ئەنیستیتۆی کورد و پرۆفیسۆری زمانی کوردی لە زانکۆی پاریس، دەڵێت: “ناسیونالیزمی کوردی لە ساڵی ١٩٨٠ەوە بۆ ئیمڕۆ بە شێوەیەکی بەرفراوان تەشەنەی ئەستاندووە. کوردستانی عێراق وەک ئەستێرەیەک لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە. هەموو کەس چاوی لەم ئەستێرەیە بڕیوە و پێی وایە ئەگەر ئەوان [کوردانی عێراق] بە چوار، پێنج ملیۆن جەماوەر توانیان ئاوا بکەن، کە واتە، لە تورکیا ئێمە بیست ملیۆن کەسین و دەتوانین باشتریش ئەم کارە راپەڕێنین.”

هەمان بارودۆخ بۆ کوردانی ئێران و تەنانەت سووریاش لە ئارا دایە، کە تێیدا ئەوان کێشەی گەورەتریان لە سەر رێیە بۆ ئەوەی هەرێمێک بۆخۆیان دەستەبەر بکەن. هەندێک کەس هەست بە شانس وبەختی یەکگرتووییی کورد دەکەن. ئەمە بووەتە هۆکارێک بۆ گوشار خستنە سەر کوردستانی عێراق بۆ هەڵکردن لە گەڵ سیاسەت و هەڵوێستێکی زمانی کە نە ئاخێوەرانی کورمانجی لە خۆ بتارێنێت و نە جیاوازییەکانی نێو جڤاتی کوردی زۆر و زەوەند بکات.

ئەحمەد فەرهادی، زمانناسێک کە لە عێراقی ژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێن هەڵات و هەنووکە پرۆفیسۆری تۆژینەوەی ئیسلامی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانکۆی نیۆیۆرک، هەر وەتر ئیجازەی لێکۆڵینەوەیی وەرگرتووە و لە هەولێر خەریکی تۆژینەوەی مەیدانییە. ئەو چەند زاراوەیەکی دۆزیوەتەوە کە فۆنۆلۆژیی (دەنگناسی) سۆرانی تێکەڵ بە سینتاکسی (نەحو) کورمانجی دەکەن و دەکرێت وەک تەوافوق و پێکهاتنێکی هێزەکی لێی بڕوانردرێت. ئەو دەڵێت، گرفتەکە لە ئەوە دایە کە زمانی کوردی زۆر ئاوێتەی سیاسەتە و بە سیاسەتەوە بەستراوەتەوە. دوو حیزبی باڵادەستی کوردستانی عێراق، واتە پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ینک)، لە دەیەی ١٩٩٠دا ئاگری شەڕێکی نێوخۆیان داگیرساند. وشە ئاساییەکان بە پێی نەریتی هەر لایەن دابەش کران. بە کار هێنانی وشەی “ئافرەت” تایبەتە بە پدک، لە کاتێکدا ینک وشەی “ژن” بە کار دەبات. ئیمڕۆکە ئەم دوو حیزبە پێکەوە دەسەڵات بەڕێوە دەبەن. ئەم هاوپشکییە لە دەسەڵاتدا بووەتە هۆی هێنانە ئارای هەوڵێک بۆ جۆرە یەکگرتووییەکی زمانناسانە کە فەرهادی تووشی سەرسووڕمان دەکات: هەر کاتێک رێبەرانی سیاسی ئاماژە بە رەگەزی مێ دەکەن، دەڵێن “ئافرەت و ژن” بۆ نیشان دانی ئەوەی ئەوان سنووری دابەشکارییەکانی رابوردوویان بەزاندووە.

فەرهادی دەڵێت: “خەڵک پێکەنینیان بەم حاڵەتە دێت.” ئەو ئەم قسانە بەراورد دەکات بە گوتنی شتی لەم چەشنە: “من دەمەوێ لە سەر مۆبل و قەنەفە دابنیشم.” یان “من دەمەوێ وانە بە قوتابی و خوێندکار بڵێمەوە.”

گرێوگۆڵ و پێچوپەنای سیاسیی لەم جۆرە تامەزرۆییی گەیشتن بە تاکە یەک زمان وەک هێمایەکی ساکار و پوخت و پاراوی یەکگرتوییی نەتەوەیی زیاد دەکات. لە ماوەی تۆژینەوەیەکی مەیدانیی بەراییی خۆیدا، شێخولئیسلامیی زانکۆی کارلتۆن وتووێژی لە گەڵ زیاتر لە ٢٠ خوێندکار و مامۆستای زانکۆ و شۆفیر لە سۆران ساز کرد. زۆربەیان گوتیان یەک نەتەوە دەبێت یەک زمانی هەبێت؛ دوو زمان واتای پارچە پارچە بوون دەگەیەنێت. کە پرسیاریان لێ کرا کام زمان ببێتە زمانی نەتەوە، وەڵامی تژی لە غرووریان ئەمە بوو: هەڵبەت زمانی کوردی! بەڵام کە بە پێداگرییەوە داوایان لێ کرا بڵێن کام زاراوەی زمانی کوردی، سۆرانی یان کورمانجی، گوتیان نازانن – هەر چەند بە دڵنیاییەوە هەر دەبێ یەک لەو دووە بێت.

ئەم تێڕوانینە ئاوا نییە تەنیا لە نێو کورداندا بووبێت. ئابێ هێنری گرێگووار (Abbe Henri Gregoire) پیاوێکی ئایین پەروەری فەرەنسای پاش شۆڕش،  ساڵی ١٧٩٤ ئاوا سکاڵا لە دۆخەکە دەکات و دەڵێت کە وڵاتی ئەو بورجێکی بابێلە کە تەنیا کەمینەیەک تێیدا بە فەرەنسی، “زمانی ئازادی”، قسان دەکات. بە رای گرێگووار، داهێنانی ناسنامەیەکی زمانناسانەی تاک بەشێک بوولە چێ کردنی کۆمارێک کە قابیلی پارچە پارچە کردن نەبێت. لەو سەروبەندەدا، لە سەرتاسەری ئەورووپا بناغە دانەران و چێکەرانی نەتەوە کەڵکیان لە بۆچوونی ئەو وەردەگرت.

سەیرەکە لە ئەوە دایە کە  لەو کاتەوە زۆربەی حکومەتە ئەورووپییەکان شلیان گرتووە.  بریتانیا پارەی چاپی کتێی شێعری بە زمانی وێلش دەدا؛ فنلاند هی ڕادیۆ بە زمانی سامی ([خەڵکانی خۆجێیی ئەو وڵاتە کە لە نۆروێژیش دەژین])؛ تەنانەت فەڕانسە یارمەتی دارایی دەداتە خوێندنگا بە زمانی  ئاکسێتەن. دیموکراسییە کەم تەمەنەکان حەزیان لە دیاری کردنی چەند زمانی رەسمییە. ئەفریقای باشوور ١١ی هەیە. شێخولیسلامی ئاماژە بەوە دەکات کە سیاسییە کۆنەکانی ئەورووپا لە سەردەمێکدا گەشەیان سەند کە دەنگی کەمینە زۆر ئاسانتر کڕ و کپ دەکرا.

شێخولیسلامی دەڵێت: “ئەو سەردەم شتی لە چەشنی جاڕی مافی مرۆڤ و مافی زمانیی لە گۆڕێدا نەبووە. ئەو کات وشیاریی قەومی لە ئارادا نەبووە. ئەو سەروبەندە تەکنۆلۆژیای پێوەندی ئاوا بوونی نەبووە کە ئێستا دەتوانێ لە ئانوساتێکدا هەزاران واژۆ بۆ داواکارییەک لە سەر مافی زمان کۆ بکاتەوە.”

ئەمیر حەسەنپوور، کە وەک پرۆفیسۆری هاوکار لە بەشی شارستانییەتی رۆژهەڵاتی نیزیک و ناوەڕاستی سەر بە زانکۆی تۆرۆنتۆ خانەنشین بووە، باسی ئەوە دەکات کە خەڵک لە عادەت و خوووخدەی ئاخافتن و قسە کردنیاندا زۆر نەرمونیانتر و سازگارتر لەوەن کە زۆربەی ناسیونالیستەکان پێیان وایە. لە دیاسپۆرای سەدەی بیستەمیدا، کە تێیدا کوردانی تاراوگەنشینی سەر بە گرووپگەلی زاراوەییی جۆراوجۆر تێکەڵاون و پێکەوە بۆ ئامانجی هاوبەش تێدەکۆشن، ئاخێوەرانی سۆرانی و کورمانجی فێربوون کە لە زاراوەی یەکتر تێبگەن. خوێندکارانی کوردی دانیشتووی ئەورووپا تەنانەت ناوی زاراوەکانیان لێک داوە و وشەی “سۆرمانجی”یان لێ پێک هێناوە. پێشنیاری حەسەنپوور ئەوەیە کە دەکرێت هەر دوو زاراوە لە سەر پاسپۆرت و دەستەچەکی بانک بە کار بێت، وەک ئەو تەوافوق و سازانەی ئینگلیزی و فەرەنسییەکان لە وڵاتی  شوێنی نیشتەجێ بوونی ئەو [کەنەدا] لە سەری رێک کەوتوون. ئەو وەک پرسی مافی زمانی لەم مەسەلەیە دەڕوانێت.

حەسەنپوور دەڵێت: “ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێ دەبێ تەنێ یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک زاراوە، یەک ئەلفوبێ بوونی هەبێت بیرۆکەیەکە کە زۆربەی ناسیونالیستەکان هەڵگری هەن، بەڵام ئەوە دۆخی ئەو دنیایە نییە ئێمە تێیدا دەژین.”

حەسەنپوور، کە بۆ خۆی ئاخێوەرێکی سۆرانی زمانە، دەڵێت، باس و بیرۆکەی  ئەو پەتیخوازانی سۆرانیی زۆر تووڕە کردووە، بە شێوەیەک کە چیتر بۆ باسوخواسان لێی ناگێڕنەوە. ئەو ساڵی ٢٠٠٩ نەیتوانی لە کۆنفڕانسێکی شاری هەولێر ئامادە بێت و هەر بۆیە نامەیەکی بۆ کۆنفڕانسەکە هەنارد و  تێیدا ئەوەی روون کردەوە کە پێویستە هەر دوو زاراوەکە وەک زمانی رەسمی بە کاری بێنن، و بەشداربووان پاشتر بە ئەویان گوت کە رێکخەرانی کۆنفڕانسەکە نامەیەکیان بە ناوی ئەو خوێندەوە کە دژ بەو بۆچوونانە بوو. (رێکخەرانی کۆنفڕانسەکە وەڵامی داواکارییەکانیان بۆ روون کردنەوەی ئەم بابەتە نەدایەوە).

ئاشکرا کردنی بۆچوون و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر بابەتەکە تەنانەت ئەستەمتر دێتە بەر چاو. ساڵی ٢٠١١، رۆژنامەیەکی ئینگلیزی زمانی هەولێر، Kurdish Globe، قسەیەکی سەرۆک مەسعوود بارزانی گێڕایەوە کە تێیدا زمانناسانی دنە دەدا یارمەتیدەری گەشە سەندنی زمانێکی یەکگرتووی تاک بن. لە زمان ئەوەوە باس لە ئەوە کرا کە خەڵک بۆیان هەیە زاراوەی ئاخافتنی خۆیان بپارێزن، بەڵام پێویستە بە یەک زمانی ستاندارد بنووسن و بخوێننەوە.

بەڵام، هەندێک پسپۆڕ دەڵێن، حکومەت ئێستا بە گشتی خۆ لە بابەتەکە دەبوێرێت، لە سۆنگەی ئەوەی دەترسێت لایەنەکەی تر لە خۆ بتارێنێت. وتەبێژێکی وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێم لەوە دۆش دامابوو ئاماژە بە کەسێک بکات کە لەم بارەیەوە رای خۆی دەربڕێت.

ئەم نارەزامەندی و نەسازانە تاڵە دیلان رۆشەنی سەرسووڕماو ناکات، ئەو ئەندازیارە کوردەی کە لە تافی لاویدا رووی کردە وڵاتی سوید و لە خوێندنگا سویدییەکەی خۆی چەند وانەیەکی  زیادەشی بە زمانی کوردی خوێند.

دیلان دەڵێت: “بابەتی زمان یەک لە هەستیارترین بابەتەکانی کۆمەڵگای کوردییە.” ئەو وەک کەسێک کە لە پشتگیریی حکومەتی سوید بۆ زمانە کەمینەکان کەڵکی وەرگرتووە، خۆی بە قەرزارباری ئەو دەرفەتانە دەزانێت کە هەرێمی کوردستان بۆی رەخساندووە، و تامەزرۆی گەڕانەوەیە. رێگاچارەی تەکنۆلۆژیا- تەوەری دیلان بریتییە لە ئەلفوبێیەکی یەکدەست و یەکانگیر بە ناوی “ئەلفوبێی یەکگرتوو”. ئەو پێی وایە زاراوە جۆراوجۆرەکان گرفت نینە تا ئەو کاتەی هەموو کەس رێنووسێکی یەکسان و هاوشێوە بە کار بهێنێت.

رۆشەنی، کە هەنووکە بریکاری سەرۆکی زانکۆی کۆیە لە کاروباری زانستی دایە، بیر لە ئەوە دەکاتەوە کە رێنووسی “یەکگرتوو” شانبەشانی رێنووسەکانی تر بە وانە بگوترێتەوە. ئەو دەڵێت، هەندێ لە کوردانی تاراوگەنشین لە نوۆروێژ و سوید پێشتر ئەم رێنووسەیان بە منداڵانی خۆیان بەوانە گوتووەتەوە و ئێستاش دەیڵێنەوە. ئەوەی ئایا ئەلفوبێیەکی لەم چەشنە بۆی هەیە لە بەر دەم دابەشکاری و پارچە پارچە بوونە سیاسییەکانی نێو وڵات گەشە بستێنێت یان نا بابەتێکە و دەشێت چاوەڕێ بین و بزانین لە داهاتوودا چۆن دەبێت.

لە هەمان کاتدا، ئەو کوردانەی خەون بە تاکە یەک زمانی رەسمییەوە دەبینن دەتوانن دڵی خۆیان بەو راستییە بدەنەوە کە ئەوان لەم کێشەیەدا بە تەنیا نین. ساڵی پار سیاسەتوانێکی دوور لە چیاکانی کوردستان بە وڵاتەکەی خۆی گوت: “زمانێکی هاوبەش بەهێزترین سەرچاوەیە بۆ یەکخستنی تواناییی هەر نەتەوەیەک. بە درێژاییی مێژوو، زمانە هاوبەشەکان کولتوورگەلی یەکانگیر و یەکدەستیان بەرهەم هانیوە و پێشیان بە پارچە پارچە بوون و دابەشکاری گرتووە.”

بێژەری ئەم گوتانە نوێنەری ویلایەتی ئایۆوا، ستیڤ کینگ (Steve King)، بوو، ئەو کەسەی پشتگیریی لە مادەیەک کرد کە تێیدا زمانی ئینگلیزیی دەکرد بە زمانی رەسمیی وڵاتێک کە خودان یەک زمانی رەسمی نەبوو، واتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئاماژە:

سۆفی هارداک رۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ و رۆماننووسە. دووهەم رۆمانی، “دەربارەی ئەڤین و جەنگەکانی تر”، بەم زووانە لەلایەن ناوەندی سیمۆن و شۆستێر دێتە وەشاندن.

 

سەرچاوە:

Hardach, Sophie. The Chronicle of Higher Education. Pp 6-12