شیعر و زمان

شیعر و زمان

شیعر بە ڕای من هەرانانەوەی زمانە لە مەیدانی جیهاندا؛ نوێکردنەوەی بواری پەیڤە لە گۆڕەپانی کەتوار (واقیع). پەرجووی ڕاستەقینەی شیعر ئاراستەکردنی زمانە بۆ گۆڕینی گۆشەنیگای هزر. ئەو شاعیرەی زمانبازی داهێنەر نەبێت ناتوانێت هزرڤانی بەرهەم هێن بێت. شیعر ناچارە ئەدەبییەتی خۆی لە زمانییەتی وەربگرێت. زمانی شیعر نەک هەر خۆی سەمایەکە لە وشە و پەیڤ، بەڵکو هێما و هەوێنی هەڵپەڕکێیە لە هەناوی خوێنەردا.
زمان کەڵکەڵەی سەرەکیی شاعیرە، نەک ڕاڤە و شڕۆڤەی جیهان. تا زمانی داهێنەرانە و ڕەسەن لە دەقی شیعردا ڕیشە دانەکوتێت، مەعریفەی شیعر تەنیا گەمەیەکی دروشم ئامێز و، لە باشترین ئاستیدا، سۆزی هیومانیستیی ڕووت و ڕەبەنە.
حافیزی فارس و نالیی کورد پێش ئەوەی پەیامی ئینسانی و ئاشقانەیان پێ بێت، زمانی ڕەسەنی شیعری و داهێنەرانەیان سەرنج ڕادەکێشێت. بۆیە، نهێنیی هەرمانبوونی ئەو دوو شاعیرە پێش کەسایەتیی خۆیان و پەیامی پیرۆزی ئینسانییان ئەو زمانەیە کە لە گۆڕەپانی جیهاندا هەرای ناوەتەوە.