قووڕ! قووڕ!
(چیرۆکێکی فۆلکلۆریی ئەفریقی)
کۆکراوەی: مایکڵ وێست
و/لە ئینگلیزییەوە: عەبدولخالق یەعقووبی
ئەستێر شوێنێکی بچکۆلەیە کەمەئاوێکی تێدایە. ئەستێر پڕن لە بۆق. بۆقی ناو ئەستێر دەیکەن بە هەرا هەرا و زەنا زەنا. ئەم بۆقانە دەڵێن چی؟ دەڵێن قووڕ!قووڕ! ئەم بۆقانە بۆ دەقیڕێنن؟ با بزانین.
جارێکی لە نیزیک گوندێک ئەستێرێک هەبوو. ئەم ئەستێرە بۆقێکی زۆری تێدا بوو. بەڵام ئەم بۆقانە بێدەنگ بوون و نەیاندەقیڕاند.
ڕۆژێکی گوندەکە ئاگری تێبەر بوو. ئاگر کەوتە یەکێک لە ماڵەکانەوە. تا دەهات ئاگرەکە زیاتر تەشەنەی دەستاند و بەربڵاوتر دەبوو. دەسبەجێ دوو ماڵ بە ئاگر تەخت و خاپوور بوون.
شاژنی بۆقەکان هاواری کرد: “قووڕڕ! قووڕڕ!” پاشای بۆقەکان لە شاژنی هاوسەری پرسی: “ئەوە بۆ دەقیڕێنی؟” شاژن وەڵامی دایەوە: “لەبەر ئەوەی دوو ماڵ بە جارێ سووتان. هەر ئێستا گشت گوندەکەش بەم ئاگرە دەسووتێ.”
پاشا گوتی: “ڕاستە گوند دەسووتێ. بەڵام ئەی بۆ من ناقیڕێنم. گوند دەسووتێ، بەڵام ئەم ئەستێرە ناسووتێ. ئاو ئاگر ناگرێ. ئێمە شوێنمان جێی مەترسی نییە. لێرە دانیشتووین و بێخەمیین. ئێمە ناسووتێین. لەنێو ئەم ئاوەدا گیانمان سەلامەتە.”
شاژنی بۆقەکان گوتی: “ئێستا بەڵێ سەلامەتین، بەڵام هەتاسەر وا نابین. خەڵک هەموو هورووژمان دەکەنە سەر و دێن بۆ کوژانەوەی ئاگرەکەیان لەم ئەستێرە ئاو دەبەن. سەتڵەکانیان پڕ دەکەن لە ئاو . ئێمەش دەکەوینە نێو سەتڵەکانەوە و ئینجا لە گەڵ ئاوەکە بە ئاگرەکەمان دادەکەن و ئیتر ئێمەش دەسووتێین.”
پاشا گوتی: “قووڕ!قووڕ! خوایە ئەوەمان بە سەر نەیەنی! خوایە لەم بەڵایە ڕزگارمان کەی!” گشت بۆقەکانی تریش ئەمەیان بیست و دەستیان کرد بە قیڕاندن و پاڕانەوە: “قووڕ! قووڕ!
لەو ڕۆژەوە هەموو بۆقەکان دەپاڕێنەوە و دەڵێن: قووڕ! قووڕ!
سەرچاوە:
The Golden Earth and Other African Folk Tales. By: Michael West. 1976




