خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “حەشری ئاشقان”ی زەردەشت نورەدین

ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەی دۆخی تراژیکی نەوەی گەنجی کۆمەڵی ئێستای کوردی و وێناکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی جیهانی ئاشقانە و ئایدیالی ئەم نەوەیە لەگەڵ جیهانی بەرژەوەندیگەرایانە و بناژۆخوازی نەوەی پیش خۆیانە، واتە دایک و باوکانیان. زەردەشت ئەم دۆخەی لە دووتوێی وردەگێڕانەوەی ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانەی کەسەکانی ڕۆمانەکەیدا زەق کردووەتەوە، بۆ نموونە، مشتومڕی مەم و دایکی لەسەر نوێژکردن بەتێری یان بەبرسێتی، هەڵنەبژاردنی ڕەنگی سوور بۆ سەیارەکەی مەم یان ئەوەی نابێ مەم سواری ماتۆڕ بێت چونکی ئەمانە لە کەسایەتیی ئەو و ناوبانگی بنەماڵەکەی ناوەشێتەوە.
دیالۆگەکان لەم ڕۆمانەدا گەرم و زیندە و هاوسەنگ لەگەڵ پێگەی کۆمەڵایەتیی کەسەکانن، هەرچەند لە زۆر شوێندا پێویست دەکات جووڵەی عەینیی کەسەکان لەگەڵ بڕی کورتی و درێژیی گفتوگۆکانیاندا هاوسەنگ بێت بۆئەوەی خوێنەر تەنیا بیسەری دیالۆگەکان (واتە دۆخی زەینیی کەسەکان) نەبێت، بەڵکوو هاوکات دۆخی عەینیی کەسەکانیش ببینێت.
کەسەکانی ئەم ڕۆمانە، کە لەڕاستیدا ئاشقانی کۆنی ئەدەبی فۆلکلۆریی کوردیین لەچەشنی مەم و زین و خەج و سیامەند و لاس و خەزاڵ و هتد، کە هەنووکە لەم ڕۆمانەدا و لە کۆمەڵی مۆدێڕنی کوردیدا زیندوو بوونەتەوە (ئاماژەیەک بۆ ناوی ڕۆمانەکە: “حەشری ئاشقان”) لەسەر سێ هێڵی سەرەکی وێنا دەکرێن و دەگێڕدرێنەوە: یەکەم، زۆربەیان جگەرەکێش و مەشرووبخۆرن؛ دووهەم، لەسەر پرسی ئاین و عەشق مشتومڕی زۆر دەکەن؛ سێهەم، تێکەڵ بە جیهانی سۆشیاڵ میدیان. ئەمە وای کردووە “حەشری ئاشقان” لەسەر سێ ئاستدا ڕیالیستی (کەتوارخواز) بێت: یەکەم، واقیع یان کەتواری کۆمەڵی کوردی وێنا دەکات؛ دووهەم، کەتواری کۆمەڵ و مرۆڤی کوردی دەخوێنێتەوە؛ سێهەم، لەسەر بنەمای کەتواری بەردەست، بژاردەی کەتواری نوێ بۆ خوێنەری ڕۆمانەکە دەهێنێتە ئاراوە (“کەتوار” وشەیەکی هەورامییە و بە واتای “واقیع” دێت).
“حەشری ئاشقان” لە ئاستی پێکهاتەی گێڕانەوەدا خاوەن هەندەسەیەکی وردبینانە و سەرنجڕاکێشە. بۆ نموونە، دابەشکردنی کەسەکان لەڕێگەی پێداگرییان لەسەر هەستێکی تایبەتیانەوە: هەستی بینین، هەستی بۆنکردن، هەستی بیستن. ئەم شێوە ئەندازیارییە وا لە ڕۆمانەکە دەکات لەبواری گێڕانەوەدا چێژبەخش و لە ڕەهەندی ماناییەوە بۆ تێگەیشتن لە جیهانی کەسەکان شیاو و کراوە بێت.
ئەگەر لە نوختەنیگای تیۆرییەکانی باختین-ەوە لەم ڕۆمانە بڕوانین، دەبینین “حەشری ئاشقان” سێ تایبەتمەندیی ڕۆمانی مۆدێرنی هەیە. یەکەم، دیالۆژیستە، واتە لەتەک جیهانی دەقیی بەر لە خۆی گفتوگۆی مانایی و فۆرمیی هەیە (جگە لەوەی سەرلەبەری ڕۆمانەکە هاوکات دیالۆگی نێوان نەوەکانیشە). دووهەم، پۆلی فۆنییە (فرەدەنگە) لەسۆنگەی ئەوەی هەر پاژێکی ڕۆمانەکە لە ڕوانگەی یەک لە کەسەکانەوە دەگێڕدرێتەوە (هەڵبەت بە دەنگی جیاواز و سەربەستی خۆی) و نووسەر دەرفەت دەدات دەنگە جیاوازەکان بەشێوەی هاوسەنگ و بە لۆژیکی خۆیان قسە بکەن. سێهەمیش، کەرنەڤاڵ ئاسایە، لەبەر ئەوەی لە سەرتاپای ڕۆمانەکەدا زۆربەی خەسڵەتەکانی کەرنەڤاڵیبوونی تێدایە، لەچەشنی: گاڵتە، هەمەڕەنگی، گرنگیدان بە بابەتی جەستەیی، دانپیانەنان بە ڕەواییبوونی پێگەی دەسەڵاتی سیاسی، دینی، کولتووری و، هتد.
دواجار دەتوانم بڵێم “حەشری ئاشقان”ی زەردەشت نورەدین، ڕۆماننووسی لاو و کارامە، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی جۆرێک کۆبیرەوەریی مرۆیی بۆ کۆمەڵ و مرۆڤی کورد، بەجۆرێک لەم ڕێگەیەوە هەم ناسنامەکانی ئینسانی کورد وێنا دەکرێن، هەمیش ئینسانیبوونی ئەم ناسنامانە لە قاڵبی گێڕانەوەیەکی تۆکمە، وردبینانە، چێژبەخش و ،ڕەخنەگرانەدا دەقمەند دەبێت. “حەشری ئاشقان” ئەزموونێکی نوێی گێڕانەوەی کوردییە و، لەم سۆنگەیەوە زەردەشت نورەدین وەک نووسەری ئەم ڕۆمانە، شایستەی ئەوەیە سەبارەت بە خوڵقاندنی بەرهەمێکی ئەوتۆ پیرۆزبایی لێ بکرێت و هاوکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئالنگاریی بەرهەمەکانی داهاتووی هان بدرێت.
یەک لە کەسەکانی ئەم ڕۆمانە (لاس) لە دانیشتنێکی خواردنەوە و گفتوگۆی چڕوپڕی نێوان خۆیاندا بە هاوڕێیەکی دەڵێت، “وەرە دانیشین؛ دەیکەین بە کەرنەڤاڵی دووکەڵ.” ئەم ڕستەیە پیشاندەری ناخودئاگای مۆدێرنبوونی “حەشری ئاشقان”ە، وەک چۆن ناونیشانی یەک لە کتێبەکانی نووسەری ناسراوی ڕۆژاوایی مارشاڵ بێرمەن پێمان دەڵێت، (All that is solid melts into air.) واتە: هەرچییەک کە ڕەق و سەختە دواجار دەتوێتەوە و دەبێتە دووکەڵ. ئەم ڕۆمانە زمانحاڵی ئەم چەشنە لە ڕوانینی دژەجەوهەرگەراییەیە؛ ژیانی ئەمرۆی کۆمەڵی کوردی پێویستی بە پێکەوەژیانی دەسەڵاتدارانی سیاسی و خەڵکی ئاسایی، پێکەوەژیانی نەوەی کۆن و نەوەی نوێ، پێکەوەژیانی دینە جیاوازەکان، پێكەوەژیانی جڤاتە قەومییە هەمەڕەنگەكان، پێکەوەژیانی حیزبە سیاسییە جۆراوجۆرەکان؛، پێکەوەژیانی نێر و مێیەکانە، پێکەوەژیان (coexistence) پێویستی بە ڕوانگەی ناجەوهەرگەرایە، ڕوانگەیەک کە لەسەر بنەمای ڕێز و ماف بۆ مرۆڤ مانا و شکۆ بە ژیانی مۆدێڕن ببەخشێت.
عەبدولخالق یەعقووبی
(سلێمانی، ناوەندی ڕەهەند، ڕۆژی چوارشەممە ٦/٧/٢٠٢٢)