لەگەڵ چەند دڵۆپەفرمێسکم، پێشکەش بە یادی ماریای گیانبەختکردوو، نوێترین قوربانیی نێرینەسالاری

کەسانێکیش کە ناتوانن باوەڕ بە هەستانەوەی ڕۆحانی یان جەستەیی بێنن، ڕەنگبێت بە بیرۆکەی هەرمانبوونی زەینی کەمێک ئەهوەن ببنەوە؛ واتە ئەم تێفکرینە مرۆڤگەرایانەیە کە خواستی خۆویستانەی پاداشتی خودایی لە ژیانی دونیای پەسڵان دەشێت جێی خۆی بۆ ئەم هیوا خاکەڕایانەترە چۆڵ بکات کە مرۆڤ پاش مەرگ لەڕێگەی هاوڕێ، منداڵ یان بەرهەمەکانییەوە هەرمان بێت. ئەم هزرە لەمێژینەیە لەنێو سیکولارەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا برەوی بووە و لە دواین دیڕەکانی ڕۆمانی میدلمارچ (١٨٧١-١٨٧٢)، بەرهەمی جۆرج ئیلیۆت-یشدا دەربڕاوە. وەگێڕی چیرۆکەکە لەبارەی، خاتوو دوروتیا، پاڵەوانی کتێبەکەدا دەڵێت:
کاریگەریی بوونی ئەو لەسەر کەسانی دەوروبەری لەڕادەبەدەر قووڵ بوو، چونکی چاکەی ڕوو لەزیادبوونی جیهان تاڕادەیەک پابەندی هەر ئەم کردە ناگرنگانەیە. ئەگەریش دۆخی من و تۆ هێندە خراپ نییە کە لەوانەیە بووبێت، پتر منەتباری ئەو چەند کەسەیە کە بێدەنگ و شاراوە بە نییەتی پاکەوە ژیان و لە کۆمەڵێک گۆڕدا شاردرانەوە کە کەس نەیبینیون.
(پاژێک لە کتێبی ئامادەی چاپی “زانست و دین”، تۆماس دیکسۆن، وەرگێڕ لە ئینگلیزییەوە: عەبدولخالق یەعقووبی)