جارێک لە کۆنەهاوڕێیەکی شاعیرم پرسی، کاکە ئەوە بۆ ماوەیەکە هیچ بڵاو ناکەیتەوە؟ نانووسی یان هەر حەز ناکەی ئێمەمانان کارەکانت ببینین؟ گوتی، نا، برای خۆم؛ هەر باوەڕم بە نووسین بە کوردی نەماوە؛ کورد کاری جیددی ناخوێنێتەوە؛ ئەسڵەن کوا کورد خوێنەری بەرهەمی باشی هەیە؟
گوتم، وا بیر مەکەوە. خوێنەرانی جیددی هەن، با کەمیش بن. بێدەنگیی ئەوان نیشانەی نەبوونیان نییە. جگە لەوە، تۆ لە کۆمەڵی کوردی دەژیت و دەشێ چاوەڕوانیت بە قەد قەبارەی واقیعی ئەم کۆمەڵە بێت.
بە ڕای من، نووسینی بەرهەمی ئەدەبی لە پلەی یەکەمدا بۆ ئەوە نییە بخوێندرێتەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە نووسەر لەرێگای نووسینەکەیەوە خۆی و کۆمەڵ و جیهانەکەی بخوێنێتەوە. جا لە پلەی دووهەمدا، ئەگەر کەوتە بەر چاو و سەرنجی خەڵک، ئەوە باشتر، دەنا ئەدەبیات ڕێگای خۆی هەر دەبڕێ و کاریگەریی خۆیشی هەر دادەنێ، درەنگ یان زوو. نموونەکەی “نالی”ی لەمەڕ خۆمانە، کە کاتی خۆی گلەیی دەکرد” کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە خۆکردییە….” یان “تەبعی شەککەرباری من کوردی ئەگەر ئینشا دەکا….”، بەڵام ئێستا ئێمەی کوردی سەدەی بیستویەکەم شانازیی بەوەوە دەکەین باش و ورد بیخوێنینەوە.
(عەبدولخالق یەعقووبی)
ئەدەب و خوێنەر




