لە ستایشتی دەنگ و پیت

لە ستایشتی دەنگ و پیت

خوێندمەوە “عیشق”، دەنگی عیشق لە هەناومدا زرینگایەوە؛ نووسیم “عیشق”، ڕەنگی عیشق لە ڕوخسارمدا پشکووت. عیشق لە ناخی پیت و پەیڤەکانەوە لە دایک دەبێت. کە واتە، عیشق دەخوێنمەوە تا بە عیشق بژیم و دەنووسم عیشق تا لە عیشقدا بڕوێم. عیشق چیرۆکێکی خۆشی بە دەنگ و واژە هەڵچندراوە. پەرجووی ئەم سەردەمە ئاخافتن و نووسینی ئاشقانەیە.
لە جیهانێکدا کە یارانی عیشق زۆر نامۆ و نادیار و کڕ و کپن، ئاشقانە بدوێ و بنووسە تا ئاشقانە بنوێنیت و پێ بگەیت. قەڵەم و زمان هەڵسووڕێنە بە ئاراستەی گۆکردنی وشەکانی عیشق تا جیهان بلاوێتەوە بە ترپەی نیانی دڵ. مات مەبە و خۆف نەتگرێ، چونکی عیشق هێشتاش ڕێسای بەزمی برینداری دڵە. مەودای ژیان تا هەنگاوەکانت، هاوڕێ، چوار دەنگی دلێر و چوار پیتی بەپیتن: عەین و یا و شین و قاف.